ئەردۆغان لەسەر پوتن ھاتەدەنگ
جۆو بایدن، پوتنی بە بكوژ ناوبرد

K24 – ھەولێر
سەرۆك كۆماری توركیا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە گوتەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دەربڕی كە ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی رووسیای بە "بكوژ" ناوبردبوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا رایگەیاند: "گوتەکانی بایدن دەربارەی ڤلادیمیر پوتن، لە گوتەی سەرۆکی وڵاتێک ناچن. بەڕاستی مایەی قبوڵ نییە سەرۆکی وڵاتێک ئەم قسانە بە سەرۆکی وڵاتێکی وەک رووسیا بڵێت. بەڕای من پوتین لەڕێی وەڵامێکی زۆر جوان و ژیرانەوە وەڵامی پێویستی قسەکانی بایدن-ی داوەتەوە".
جۆو بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەی بی سی گوتبووی: "ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی رووسیا، "بكوژە" و دەبێت باجەكەی بدات".
ڤلادیمێر پوتن وەڵامی بایدنی دایەوە و رایگەیاند: "بكوژ ئەو كەسەیە، كە ئەوەی دیكە بەوە وەسف دەكات. مۆسكۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن ناپچڕێنێت، بەڵكو بەپێی بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆی، لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان كاردەكات".