بازرگانان چەند ھۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەخەنەڕوو
ھاووڵاتیی و شوفێران لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانن
K24 - ھەولێر
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانی ھاووڵاتییان و شوفێرانی تەكسی لێكەوتووە، بارزگانانیش ھۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار دەگەڕێنەوە، شوفێرانی تەكسی دەڵێن خەرجی رۆژانەیان زیادیكردووەو ئیشوكاریشیان كەمبووەتەوە، بارزگانانیش پێشبینی دەكەن، لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو نرخی بەنزین زیاتر لەوەی ئێستا بەرزبێتەوە.
بەراورد بە مانگی رابردوو نرخی لیترێك بەنزین 100 تاوەكو 150 دیناری چووەتەسەر و ئەمەش بووەتە بارگران لەسەر ھاووڵاتییان، گرانی نرخی بەنزین كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر كاری تاكسییەكان و خەرجیی رۆژانەیان لەسەر زیادبووە.
نزیكەی 1100 بەنزینخانە لە كوردستان ھەن و كە 350 بەنزینخانە لە ھەولێرن، بە كاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئێستا بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، كەمتر بەنزین خەرج دەبێت.
سیروان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەھلییەكانی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت، نرخی تۆنێك بەنزین زیاتر لە 130 دۆلاری ھاتووەسەر، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار و نرخی نەوت، نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە.
چەندین ھۆكار بووەتە ھۆی گرانبوونی نرخی بەنزین، لەوانەی رەتكردنەوەی بەنزینی كوالیتی خراپ، بازرگانێكی سوتەمەنی دەڵێت، ئێستا بەنزینی خراپ ھاوردەناكرێت.
ھەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە 10 بۆ 12 ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە، تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی شەش ملیۆن لیترە بەنزین بەكاردەھێنرێت، كە 85%ی لە ئێران و توركیاوە ھاوردەدەكرێن و 15% لە كوردستان بەرھەمدێت، ئێران 95%ی بەنزین بۆ كوردستان ھەناردە دەكات و توركیا 5%، بەشێك لە خاوەن بەنزینخانەكانیش دەڵێن پێشبینی دەكەن لە چەند رۆژی داھاتوو نرخی لیترێك بەنزین بگاتە 650 تاوكو 700 دینار.