رووسیا: ژماره‌یه‌ك ئه‌شكه‌وت و كۆگای میلیشیا چه‌كداره‌كانی له ئیدلب ته‌قانده‌وه
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك تونێل و ئه‌شكه‌وتیان له سنووری ئیدلبی باكووری سووریا خاپوور كردووه، كه گرووپه چه‌كداره‌كان وه‌ك كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سوودیان لێ وه‌رده‌گرت.

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك تونێل و ئه‌شكه‌وتیان له سنووری ئیدلبی باكووری سووریا خاپوور كردووه، كه گرووپه چه‌كداره‌كان وه‌ك كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سوودیان لێ وه‌رده‌گرت.
وه‌زاره‌ته‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه، هه‌ریه‌ك له میلیشیاكانی "جیش العزة" و "به‌ره‌ی نووسره" ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه خه‌ریكی درووستكردنی ئه‌و ئه‌شكه‌وت و تونێلانه بوون و به جلوبه‌رگی شوانه‌كانی ناوچه‌كه‌وه له‌و ناوچه‌یه ده‌سووڕانه‌وه و خۆیان له چاوی فڕۆكه‌كانی چاودێری ده‌شارده‌وه.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، خه‌ڵكی ناوچه‌كه رایانگه‌یاندووه، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گرووپانه‌دا بۆیان نه‌بووه روو له‌و شوێنانه بكه‌ن و ئێستا، كه ئه‌و میلیشیایانه له‌وێ نه‌ماون، ئه‌و ئه‌شكه‌وتانه بوونه‌ته جێی مه‌ترسی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و به‌و هۆیه‌وه له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی رووسیا بۆردومان كران و ته‌قێنرانه‌وه.
