تورکیا ئامادەیە باڵیۆزەکەی بنێرێتەوە تەلئەڤیڤ

كورتەیەك لە مێژووی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا

تورکیا ئامادەیە باڵیۆزەکەی بنێرێتەوە تەلئەڤیڤ
تورکیا ئامادەیە باڵیۆزەکەی بنێرێتەوە تەلئەڤیڤ

K24 – ھەولێر:

بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە رۆژنامەی ئیسرائیل حایومی ئیسرائیلی راگەیاندووە، تورکیا بە فەرمی ئیسرائیلی لە ئامادەیی ئەنقەرە بۆ ناردنەوەی باڵیۆزی وڵاتەكەی بۆ تەلئەڤیڤ ئاگادار کردووەتەوە، بەو مەرجەی ئیسرائیل هەمان هەنگاو لە هەمان کاتدا بنێت.

رۆژنامەکە گوتی: خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و تورکیا پرسی حەماسە، کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پاڵپشتی دارایی و مەعنەوەی دەکرێت.

بەم دواییە رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، تورکیا خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئیسرائیل و دانیشی بەوەداناوه‌، هەماهەنگییە هەواڵگرییەکان لە نێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ نەپچڕاون.

پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا لە ساڵی 2010 ناوە ناوە گرژیی تێدەكەوت، سەرەتا لە ھێرشەكەی سەربازانی ئیسرائیل بۆ سەر كەشتی ماڤی مەرمەرە دەستپێكرد، كاتێك ھەوڵی دەدا ھاریكاری مرۆیی بۆ غەزە بگوازێتەوە و بووە مایەی كوژرانی ژمارەیه‌ك تیمی ده‌ریاوانی توركیا.

بەڵام لە 15ی/ئایاری 2018 ئه‌و گرژییانه‌ گەیشتنە لوتكە، دوای ئەوەی ئەنقەرە داوای لە باڵیۆزی ئیسرائیل كرد دەستبەجێ بگەڕێتەوە وڵاتەكەی. لە به‌رامبه‌ریشدا ئیسرائیلیش ھەمان رێوشوێنی گرته‌به‌ر و داوای لە كۆنسولی توركیا كرد وڵاتەكەیان جێبهێڵێت.

لەدوای گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بۆ ئۆرشه‌لیم، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و ئیسرائیل ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ گرژی بەخۆیەوە بینی، بە تایبه‌تیش ئیسرائیل پشتیوانی لە ھێرشەكەی توركیا نەكرد بۆ باكووری سووریا و داگیركردنی شاری عەفرین.

بەڵام وێڕای جه‌نجاڵی راگەیاندن، پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان پێشنیازێكی پەرلەمانی لەمەڕ نەھێشتنی رێككەوتنە واژووكراوەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیلی رەتكردەوە، كە وەك ناڕه‌زایی دەربڕین بەرامبەر بە رووداوەكانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بۆ ئۆرشه‌لیم ئەنجامدرا و ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانی فلەستینیش لە میانی نەڕەزایی دەربڕین دژ بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بۆ ئۆرشه‌لیم بە گوللـەی ھێزەكانی ئیسرائیلی كوژران.

دواتر ھەردوو وڵات لە 28ی/ ئابی 2017 رێككەوتنێكیان ئەنجامدا بۆ ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكانیان و رێككەوتنەكە لە ئەنقەرە و ئۆرشه‌لیم واژووی لەسەر كرا، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ھەڵپەسێردرابوون بەھۆی رووداوی كەشتی ماڤی مەڕمەڕە، كە ھەر لێرەدا ئەردۆغان پێش ترەمپ دانی بە ئۆرشه‌لیم داناوە وەك پایتەختی ئیسرائیل بەپێی واژووی رێككەوتنەكە. ھەر بەپێی رێككەوتنەكە ئیسرائیللە 31 ئایاری 2010 بڕی 20 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی بە خانەوادەی كوژراوانی كەشتی ماڤی مەڕمەڕە دا.

رێككەوتنەكە گەڕانەوەی پەیوەندی ھەواڵگری و ھاریكاری ئەمنی و بەردەوامبوونی ئیسرائیل لە چاككردنەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی رێكەوتنی چەكی پێشكەوتووو لە خۆ دەگرت. ھەروەھا بەپێی رێككەوتنەكە ھەردوو لا بەڵێنیان دا، ھیچ كارێكی زیانبەخش دژ بەیكتر نەكەن.

پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل ھەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نزیكبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەرژەوەندی دوو لایەنە بنەمای سەرەكی ئەو پەیوەندییانە بوو. توركیا لە لایەك رێبازی عه‌لمانی گرتبووە بەر و دەیویست لە كولتووری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی رزگاری ببێت و دواتر رێگای چوونە نێو یەكێتی ئەورپای گرتەبەر و پەیوەندییەكانی لە گەڵ ئیسرائیل بە پردێك دانا بۆ چوونە نێو ئەو یەكێتییە و نزیكبوونەوە لە ئەمەریكا، ئیسرائیلیش ویستی ئەو پەیوەندییە بقۆزێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە وڵاتانی عەرەبی، كە بەردەوام پەیوەندییەكانیان لە گەڵ توركیا لەرزۆك بوونە.

لەسەردەمی ئەردۆغان پەیوەندییەكانی توركیا دوو ئاراستەی وه‌رگرت، ئاراستەیەكی فەرمی و ئاراستەیەكی میللی، لەرووی فەرمییەوە، توركیا ئەندامی ناتۆیە و ھەڵوێستەكانی ھاوھەڵوێستن لەگەڵ ناتۆ بەرامبەر بە ئیسرائیل، بەڵام لەرووی میللییەوە سۆز و خرۆشی خەڵك دەقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی نێوخۆیی و روخساری ئاینی.

پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا بە سەركردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەستیپێكرد، كاتێك ئەردۆغان بەرپرسی لقی پارتی "خۆشگوزەرانی" بەسەرۆكایەتی (نەجمەدین ئەربەكان) بوو لە ئیستانبۆڵ. ئەردۆغان باڵیۆزی ئەو كاتی ئەمەریكای (مۆرتن ئیبرامۆفیتس)ی ناسی و ئەمیش ئەردۆغان بە كەسایەتییەكی ئەمەریكایی زۆر گرنگ بۆ ئیسرائیلی دایە ناسین، ئەویش (پۆل ولڤۆڤیتز) بوو، كە دواتر بووە وەزیری بەرگری ئەمەریكا، پاشان كە ئەمەریكا ویستی پشتیوانی لە ئیسلامی لیبراڵی بكات، پشتگیرییان لە ئیسلامیانی توركیا كرد.  

لە ساڵی 2004 لە كۆنگرەی جووه‌كان لە ئەمەریكا مه‌دالیای قاره‌مانەتییان بەخشیە ئەردۆغان، ئەو مه‌دالیایه‌ش لە دامەزراندنی یەكەم كۆنگرەوە تەنها بە 10 كەس بەخشراوە و ئەردۆغان یەكەم كەسی ناجووه‌ ئەو مه‌دالیایه‌ وەردەگرێت.

Fly Erbil Advertisment