حكوومهتی عێراق له دژایهتی كورد له كهركووك بهردهوامه
بڕیارێك دژی ئهفسهره كوردهكات دهردهكات و دهیهوێت سیخوڕی بهسهر هێزی پێشمهرگهدا بكات

K24 - كهركووك:
حکوومەتی عێراق بڕیارێك لە دژی ئەفسەرانی کورد لە کەرکووك دەردەکات و لە رێگەی دەزگای ھەواڵگری کەرکووکیشەوە دەیەوێت ئەفسەرانی سەر بە رێکخراوی بەدر بگوازێتەوە بۆ ئەو دەزگایە, ئەویش بۆ کۆکردنەوەی زانییاری لەسەر حزبە کوردستانییەکان و ھێزی پێشمەرگە. سەرەڕای ئەوەش بە ھۆی ململانێی حزبیەوە تا ئێستا کورد چەندین پۆستی گرنگ و ھەستییاری لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەکووردستان24ی گووت: "بەغدا لە رێگەی دەزگای ھەواڵگری کەرکووکەوە کە ئێستا تورکمانێکی شیعە مەزھەب بەرێوەی دەبات, دەیەوێت ئەفسەرانی سەربە رێکخراوی بەدر بۆ ئەو دەزگایە بگوازێتەوە کە مەبەست لێی, کۆکردنەوەی زانییارییە لەسەر حزبە کورستانییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای کەرکووك".
لە نوێترین بڕیاریشدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی نووسراوێکەوە, کە کوردستان 24 ناوەڕۆکەکەی لەھەمان سەرچاوە وەرگرتووە, مەرجی بۆ ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییەکان داناوە کە دەبێت دەرچووی کۆلێژی سەربازی بن و بڕوانامەی ئامادەیی بەسەرەوەیان ھەبێت, ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەفسەر و کارمەندانی کورد نییە و وەك بەرپرسان دەڵێن: "ئامانج لێی دوورخستنەوەی ئەفسەرە کوردەکانە".
جگە لە دژایەتیکردنی کەرکووك لەلایەن بەغداو ھەوڵدان بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد لە شارەکەدا, یەکێتی و پارتیش لە نێوخۆیاندا لەسەر دانانی کەسەکان بۆ پۆستی دامودەزگاکانی کەرکووك زۆرجار ململانیێ لە نیوانیاندا دروستبووە, ئەنجامەکەشی بە قازانجی عەرەب یان تورکمان کۆتایی ھاتووە و تا ئێستا بەو ھۆیەوە کورد چەندین پۆستی ھەستیاری لەدەستداوە.
سەرەڕای لاوازی حکوومەتی بەغدا کە ئێستا چەندین کێشەی رووبەڕوو بووەتهوە, بەڵام وەك بەرپرسانی کەرکووك دەڵێن, لە "پيلانەکانییان" بەرامبەر کەرکووك بەردەوامن و ھەوڵی لاوازکردنی پێکەی کورد دەدەن لە شارەکەدا.