کازمی: بۆ هەڵبژاردن خۆم کاندید ناکەم
سەرۆك وەزیرانی عێراق: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

K24 - ھەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکاتەوە و راشیگەیاند، خۆی کاندید ناکات.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی زە ناشناڵ-ی ئیماراتی، ئاشکرایکرد، هەرچەندە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، 10ی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت.
کازمی دووپاتیکردەوە، ئەو نابێتە بەشێک لە ململانێکان و خۆی هەڵنابژێرێت.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، کاری بۆ چەسپاندنی یاسا و کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان و باندەکانی لە یاسادەرچوو کردووە، بەڵام ئاستەنگی زۆری هاتووەتە پێشەوە.