كەنەدا (ئیقامە)ی هەمیشەیی بە 90 ھەزار كەس دەدات

ئەمساڵ پێشوازی لە 400 ھەزار كۆچبەر دەكات

پەنابەرانی كەنەدا
پەنابەرانی كەنەدا

K24 - ھەولێر

مارکۆ مێندێسینۆ، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی (ئیقامە) نیشتەجێکردنی هەمیشەیی بە زیاتر لە 90 هەزار قوتابی و کارمەندی بیانی دەبەخشێت، کە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کاریان کردووە و هاواکاری تووشبووانی کۆرۆنایان کردووە.

بڕیارە لە پڕۆگرامی نیشتەجێکردنی هەمیشەیی کە بڕیارە لە 9ـی مانگی ئایارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تایبەتە بە کارمەندانی بواری تەندروستی گشتی و بەشە زیندووەکانی دیکەی وەک کارمەندی فرۆشگاکان و جوتیاران و شۆفێرانی پاس، لەگەڵ ئەو دەرچووانەی لە چوار ساڵی رابردوو بڕوانامەیان بەدەستهێناوە.

وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا راشیگەیاند، ئەو رێوشوێنە هاوکاری وڵاتەکە دەکات لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی، ئەوەش بە پێشوازی کردن لە 400 هەزار کۆچبەر لەمساڵدا و قەرەبووکردنەوەی رێژەی کەمی کۆچبەران لە ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا.

لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی وەزیری کۆچبەران گوتی "پەتای کۆرۆنا وایکردووە تیشک بخەینە سەر کۆچبەری نوێ".

لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو سیاسەتە نوێیانە هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە پلانیان هەیە داهاتوویان لە کەنەدا بنیاد بنێن و رۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە گەشانەوەی ئابووری و هاوکاریکردن بۆ بنیادنان بە باشترین شێواز.

Fly Erbil Advertisment