ياسايهكى نوێى ئێران.. رهخنهگرتن له حكومهت تاوانى سياسييه
بە پێی یاسا ھەموو رەخنەگرتنێك لە حكومەتی ئێران وەكوو تاوانی سیاسی سەیر دەكرێت.
K24 – ههولێر:
ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پرۆژە یاسای تاوانی سیاسی پەسەند كرد، لەمەو بەدوا ئەگەرچی مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوانی سیاسی باشتر دەبێت، بەڵام ھەموو رەخنەگرتنێك لە دەسەڵاتی سیاسی تەنانەت ئەگەر مەبەستی روخاندنیش نەبێت، وەكوو تاوانی سیاسی سەیر دەكرێت.
دوای دەستاودەستكردنێكی زۆر لەئەنجامدا تاوانی سیاسی لەئێران پێناسەكرا، جۆرەكانی و حوكمەكانیش دیاریكران.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور پرۆژە یاسای تاوانی سیاسی پەسەند كرد، پرۆژەیەك كە ساڵانێكە لەنێوان حكومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور دهستاودهستى پێدهكرا. ئێستا بەندكراوە سیاسییەكان و بەتایبەت كوردەكان دەزانن بەپێی كام ماددە و لەسەرچی گیراون.
بەپێی ئەو پرۆژەیەی كەئێستا بووەتەوە یاسا، ھەر كەسێك بەتێڕوانینی سیاسی گرفت بۆ حكومەت دروستبكات، وەكوو تاوانبار سەیر دەكرێت.
كێشە سەرەكییەكەی یاساكەش ئەوەیە كە ناوزڕاندنی سێ سەرۆكایەتییەكە، سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی و وەزیر و پەرلەمانتاران، ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری و پاراستنی دەستوور وەكوو تاوانی سیاسی سەیر دەكرێت، بەڵام دیارنییە، ناوزڕاندنی چییە، چۆنە؟
لەگەڵ ئەوەش ھەندێك خاڵی ئەرێنی و نوێ لە یاساكەدا ھەن، وەكوو جاران تاوانبارانی سیاسی لەدادگای شۆڕش حوكمەكەیان دەرناكرێت، بەڵكو وەكوو خەڵكی دیكە لەدادگای یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ھاوكات تاوانبارانی سیاسی لەشوێنی تایبەتدا بەند دەكرێن، و جلی بەندكراوانیشیان لەبەر ناكرێت، ھاوكات مافی دەستپێڕاگەیشتن بە رۆژنامە و رادیۆ و تهلەفزیۆنیان دەبێت.
رەنگە مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوانی سیاسی ھەندێك بگۆڕێت، بەڵام ھۆكارەكانی دەستبەسەركردن زۆر قورستر بوونە، لەماددەیەكدا ھاتووە كە ھەموو ھەڵسوكەوتێك كە نیەتی رەخنەگرتن لە دەسەڵات بێت، ئەوا تاوانی سیاسییە، تەنانەت ئەگەر رەخنەگرەكە مەبەستی روخاندنی حكومەتیش نەبووبێت.