نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەک لە ئەمریکا و ئێران دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەستبەجێ رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی هەڵگری پەینی کیمیایی بە نێو گەرووی هورمزدا بدەن، و هۆشداریی دا کە بەردەوامیی رێگریکردن لە گواستنەوەی کەرەستە کشتوکاڵییەکان، مەترسیی برسییەتی و هەژاربوونی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە وڵاتە هەژارەکاندا دروست دەکات.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، خۆرخێ مۆریرا دا سێلڤا، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژە (UNOPS) لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاووهەوا (COP31) لە شاری ئەنتالیای تورکیا رایگەیاند، پەیامێکی هاوبەشی ئاراستەی واشنتن و تاران کردووە تاوەکو هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی گشتگیر، رێگەچارەیەکی بەپەلە، کاتی و سنووردار بۆ پەینی کیمیایی بدۆزنەوە بە جۆرێک رۆژانە رێگە بە تێپەڕبوونی پێنج کەشتیی باری پەین بدرێت بە نێو گەرووی هورمزدا.

بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هاوکات سەرپەرشتیاری تیمی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی پارێزراوی پەین، ئاشکرای کرد، پێش دەستپێکردنی جەنگ، یەک لەسەر سێی پەینی کیمیایی جیهان بە نێو گەرووی هورمزدا هەناردە دەکرا، بەڵام دوای سەپاندنی کۆتوبەند لەلایەن تارانەوە بەسەر کەشتیوانیی گەرووەکەدا و گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێران، نرخی پەینی کیمیایی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە رێژەی 30% بەرز بووەتەوە و هێڵی دابینکردنی خۆراکی تێکداوە.

دا سێلڤا سەرنجی خستە سەر کاریگەرییە کارەساتبارەکانی ئەم قەیرانە بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا و گوتی، لە وڵاتێکی وەک سوودان بەهۆی ئەم دۆخەوە لە ماوەی شەش مانگدا نرخی خۆراک دوو هێندە بەرز بووەتەوە، لە نیپاڵ جووتیاران توانای کڕینی پەینیان نەماوە، هەروەها وڵاتانی وەک کینیا، مۆزەمبیق، سۆماڵ، بەنگلادیش و سریلانکاش رووبەڕووی زیانی قورس بوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە ئەنتالیا، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزاریی پڕۆژەکان هۆشداریی دا کە ئەگەر بێتو وەرزی چاندن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا لەدەست بچێت، ئەوا زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەڕووی نائاسایشیی توندی خۆراک و برسییەتی دەبنەوە، هاوکات 30 ملیۆن مرۆڤی دیکەش دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی پەڕگیرەوە.

دا سێلڤا جەختی کردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان سیستەمێکی ورد و پێشکەوتووی ئامادە کردووە تاوەکو لە ماوەی حەوت بۆ دە رۆژدا پڕۆسەی گواستنەوەی پارێزراوی کەشتییەکانی پەینی کیمیایی لە نێو گەرووی هورمزدا دەست پێبکات، بە مەرجێک ئەمەریکا و ئێران ئەم پرسە مرۆییە لە ململانێ سەربازییەکانیان جیا بکەنەوە و رێگە بە جێبەجێکردنی بدەن.