فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک رێکاری یاسایی دژی کارمەندێکی بازگەکان دەگرێتەبەر
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بنەمای پاداشت و سزادا، فەرمانی دا رێکاری یاسایی دژی کارمەندێکی بازگە ئەمنییەکان بگیرێتەبەر کە سنووری بەرامبەر خۆپیشاندەرێک بەزاندبوو، لە بەرامبەریشدا کارمەندێکی دیکەی خەڵات کرد بەهۆی مامەڵەی پیشەیی و رێزدارانەی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.
شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، فەتاح مەحموود یاسین خەفاجی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، فەرمانی دا رێکارە یاساییە پێویستەکان دژی یەکێک لە کارمەندانی بازگە ئەمنییەکان بگیرێنەبەر، ئەمەش بەهۆی سنووربەزاندنی بەرامبەر یەکێک لە خۆپیشاندەران.
لە بەرامبەریشدا، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک فەرمانی خەڵاتکردنی بۆ کارمەندێکی دیکە دەرکرد کە پابەندییەکی بەرزی پیشەیی و ئەخلاقی نیشان دابوو و بەوپەڕی رێز و نەرمونیانییەوە مامەڵەی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردبوو. لەو بارەیەشەوە جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی کارکردن بە بنەمای پاداشت و سزا دێن، بە مەبەستی پابەندبوونی ئەمنی و پاراستنی شکۆی هاووڵاتییان، هاوشان لەگەڵ پاداشتکردنی ئەو نموونە ئەرێنییانەی کە وێنەی راستەقینەی دامەزراوەی ئەمنی دەردەخەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بانگەوازێکی ئاراستەی شۆفێرانی بارهەڵگر کرد کە پێویستە پابەندی سیستەمی گشتی بن و لە ژێر هیچ هۆکارێکدا رێگەکان لە بەردەم جووڵەی هاووڵاتییان لە دەروازەکانی شاردا دانەخەن؛ هاوکات جەختی لە گرنگیی پاراستنی رەوانیی هاتوچۆ و ئاسانکاری بۆ جووڵەی ئۆتۆمبێل و دانیشتووان کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات.
بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی داخرانی بازگەی دارەمان، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و شۆفێران دروست بوو، تا کار گەیشتە ئەوەی یەکێک لە پۆلیسەکان بەشەق لە شۆفێرێک بدات کە ڤیدیۆکە لە لایەن پەیامنێری کوردستان24 هێمن دەلۆ تۆمار کرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە نێو میدیا و تۆڕەکۆمەڵایتییەکان دروست کرد.