په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەربارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە
مه‌سرور بارزانی: ئه‌و یاسایه دەبێتە هەنگاوێك بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر

K24- هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و یاسایه دەبێتە هەنگاوێك بە ئاراستەی سزادانی تاوانباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی:
ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژه یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان په‌سه‌ندكرد، بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمه‌ڵكوژیی.
ئەم یاسایە دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ دادگایی‌کردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نيشتمانیی لە هەرێمی کوردستان ، بە بەشداری تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان .
بێگومان ئەمە برینه قووڵه‌كانی قوربانییانی ده‌ستی داعش ساڕ‌ێژ ناکات، بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدیه‌كانمان و قوربانییانی دیکە، بەڵام دەبێتە هەنگاوێك بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەرکی سەرشانیانه کە تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە لە بەرامبەر تاوانه‌كانیان دژ به گەلی کوردستان و خەڵکی عێراق و مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەمڕۆ ئێمە هەوڵێک دەدەین بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه هاوبەشمان، لە پێناو قوربانییانی عێراق و جیهان. بێگومان ئه‌مه كاری زۆری ده‌وێت، بەڵام دواجار هەر دێتەدی.