ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ مێژه‌ دامه‌زراوه‌ ته‌نها راگه‌یاندنه‌كه‌ی ماوه‌

له‌ كوردستان24 ـه‌وه‌ رۆشنبیران رای خۆیان له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ ده‌رده‌بڕن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a34e1c58-6376-4d6b-ba79-968ce63c02ca/DawlatiKurd1.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

به‌شێك له‌ نووسه‌ر و رۆشنبیرانی باشووری كوردستان، پێیانوایه‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان هۆكارێكه‌ بۆ به‌هێزكردن و بووژاندنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ته‌نانه‌ت به‌ بۆچوونی به‌شێكیان،‌ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ ڕیفراندۆم نییه‌، چونكه‌ له‌مێژه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌مێشكی تاكی كوردیدا دامه‌زراوه‌.

ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، پرسێكه‌ زۆربه‌ی شه‌قامی كوردستانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ و لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانیش به‌شێوه‌ی جیاواز كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌م نێوه‌نده‌شدا رۆشنبیران و نووسه‌ران تا ڕاده‌یه‌ك بێده‌نگیان پێوه‌ دیاره‌.

كوردستان24 ئه‌و بێده‌نگییه‌ ده‌شكێنێت و رای به‌شێك له‌ نووسه‌ر و رۆشنبیران له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، سمكۆ محه‌مه‌د كه‌ نزیكه‌ی 30 ساڵه‌ سه‌رقاڵی نووسینه‌، له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه‌ گله‌یی له‌ میدیاكان هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای سیاسییه‌كاندا راده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ عه‌وداڵی رای رۆشنبیره‌كان نین".

به‌لای هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی سیاسییه‌وه‌، هێشتا كاتی راگه‌یاندی ده‌وڵه‌تی كوردستان نه‌هاتووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ به‌لای رۆشنبیرانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی درووست بێت، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی پێیوایه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌مێژه‌ له‌ مێشكی تاكی كوردیدا دامه‌زراوه‌، ئه‌وه‌شی بۆ سیاسییه‌كان ماوه‌ته‌وه‌ راگه‌یاندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌.

پرسی سه‌ربه‌خۆیی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئه‌گه‌رچی له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و حزبییه‌كاندا له‌ باشووری كوردستان، را و بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت رۆشنبیران له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆكبن و ته‌نانه‌ت دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، به‌ بووژانه‌وه‌ و به‌هێزكردنی كه‌سایه‌تی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ده‌زانن.