پرۆسهى سهربازى فهلوجه دهنگدانهوهى جيهانى لێدهكهوێتهوه
دەبێتە یەكەم ھەنگاوی دەستپێكردنی پرۆسهى رزگاركردنی موسڵ.
K24 – ههولێر:
سوپاى عێراق دهيهوێت فهلوجه رزگار بكات و چاودێرانى سەربازیی نێودەوڵەتییش دەڵێن: رزگاركردنی فەلوجە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام بە ھاوكاری ھەموو ھێزەكانی عێراق و ھاوپەیمانان دەتوانرێت رزگار بكرێت و دەبێتە یەكەم ھەنگاوی دەستپێكردنی پرۆسهى رزگاركردنی موسڵ.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پشتگیریی سوپای عێراقی دەکەن لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری فەلوجە و وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێ ئۆپراسیۆنی فەلوجە، ھەنگاوی یەکەمە لە خۆ ئامادەکردن بۆ ئۆپراسیۆنی موسڵ.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکى حكومهتى عێراق دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەلوجەی راگەیاند و لەسەرەتایی ئۆپراسۆنەکە، سوپای عێراقی بە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی دەووروبەری شارەکە دەستی پێکرد و پاش چەند کاتژمێرێکیش، ژمارەیەک ناوچە کۆنتڕۆڵکرانەوە، بەڵام چاودێرانی سەربازی پێیانوایە کە ئۆپراسیۆنی فەلوجە ئاسان نابێت و رەنگە چەند ھەفتەیەک بخایەنێت.
فلیپ ھامۆند،وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لهو بارهيهوه گوتى: "بێگومان ئێمە پشتگیریی تەواوی سوپای عێراقی دەکەین، لەدەستپێکردنی ھەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی ھێشتا لەژێر دەستی داعشدایە. وەکو دەشزانن فەلوجە یەکێکە لە بنکە بەھێزەکانی داعش. لەو بڕوایەشدام کە ئەم ئۆپراسیۆن و پێشڕەویانەی سوپای عێراقی، توانا و ورە بەرزیی عێراقییەکان پیشان دەدات لە پاککردنەوەی وڵاتەکەیان لە چەکدارانی داعش".
شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار، 50 کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە و کەوتووەتە باکوری رۆژئاوای پایتەختی عێراقەوە و یەکەم شاری عێراقیش بوو کە لە کانوونی دووەمی 2014 کەوتە ژێر دەستی داعش و دوا بەدوای داگیرکردنی ئەو شارەش، زنجیرە پێشڕەوییەکانی داعش لە عێراق دەست پێ کرد.
فێدریکا مۆگەرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رايگهياند،
"زۆر گرنگە کە داعش لە عێراق و سووریا لە ناو ببرێت، تاوەکو گرێنتیی سەقامگیریی ئەوروپا ھەبێت. ھەروەھا گرنگە کە بەردەوام بین لە ھاوکارییەکانمان بۆ عێراق، تاوەکو ئەوانیش بتوانن ھەڕەشەی داعش لە وڵاتەکەیان نەھێڵن و ژیانی عێراقییەکانیش سەقامگیر بکەینەوە".
ستیڤ واران، گوتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، ئاشکرایکرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بەشدارى لە ئۆپراسیۆنی فەلوجە دەکەن و راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکاش لە بەغداوە، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی عێراقدا ھەماھەنگیان ھەیە لەو ئۆپراسیۆنەدا.