دوو برای هەرزەکار بێسەروشوێنن
خەڵکی گوندی "ئێسیان"ی سەر بە ناحیەی "باعەدرێ"ی قەزای "شێخان"ن و 2 رۆژه دیارنهماون

K24 - دهۆك:
دوو برای هەرزەکار، خەڵکی گوندی (ئێسیان)ی ئیزیدینشین، پێرێ شەو 28ی ئایار/ مایۆی 2021، بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە باوکیان کردووە و ئاگاداریان کردووەتهوه، کە ئەوان ماڵەکەیان بە جێدێڵن و تا ئێستاش بێسەروشوێنن.
موقەدەمی مافپەروەر "هێمن سلێمان"، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دوو برای هەرزەکار بە ناوەکانی "هۆزان حەیدەر عەلو" و "ئاواز حەیدەر عەلو"، كه لە دایکبووی 2005 و 2006 ن و خەڵکی گوندی (ئێسیان)ی سەر بە ناحیەی "باعەدرێ"ی قەزای "شێخان"ن و لە گوندی (شکەفتیان) شوانکاریان دەکرد، لە شەوی 28ی ئهم مانگه پەیوەندی بە باوکیانهوه دهكهن و پێیان گوتووە، کە ئەوان گوندەکەیان بە جێدێڵن و بەرەو شوێنێکی دیكه دەڕۆن و ئەو شوێنەش دیارییان نەکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك ئاماژهی بهوهش كرد، ئەو دوو برا هەرزەکارە هەموو دوکیۆمێنت و ناسنامەکانیانیش لەگەڵ خۆیان بردووە و هێشتا نازانرێت ئاراستەی چوونیان بهرهو کوێ بووە و پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە کراونەتەوە و ئێمەش بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی ئەم بێسەروشوێنبوونەیان.
د.ی