هەولێر..پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 8ی حەسارۆک دەستیپێکرد
هاووڵاتییان دەتوانن دەست مامەڵەی خانوو بکەن لە 8ی حەسارۆك

K24 - هەولێر
دوای ئەوەی لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی 8 حەسارۆک درا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2/6/2021، دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ دروستکردنی خانوو کرا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ فەرمانگەی خزمەتگوزاری هەشتی حەسارۆک لە هەولێر دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ دروستکردنی خانوو دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو زەویانە ماوەی 16 ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەچووە.
زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە 15 هەزار پارچە زەوی پێکدێت و لە ماوەی رابردوودا دوای سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو گەڕەکە، بڕیاری گەیاندن و دەستپێکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچەیە دەرچوو.
لە 2021/5/12 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی لە شاری هەولێر کرد. لە وتەیەکدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ، کێشەکانیان چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات . سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە، لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا ، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێبکات.