ئاگر له كه‌مپی شاریا كه‌وته‌وه
زیانێكی زۆری ماددی به‌ر كه‌مپه‌كه كه‌وتووه و خه‌ڵكی دهۆك هاوكاری بۆ زیانلێكهوتووان كۆده‌كه‌نه‌وه

K24- هه‌ولێر:
په‌یامنێری كوردستان24 له شوێنی رووداوه‌كه رایگه‌یاند، ئاگر له به‌شێكی خیوهتهكانی كه‌مپی شاریا له سنووری پارێزگای دهۆك كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌و هۆیه‌وه 150 تا 200 خیوه‌تی ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كه سووتاون، هۆكاری ئاگره‌كه بۆ شۆرتی كاره‌با ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه.
له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك بۆ كوردستان24 روونیكرده‌وه، هه‌رچی پێویستیش بێت بۆ زیانلێكهوتووان ده‌یكه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ر به هۆی ئاگره‌كه‌وه 50 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و 100 ملیۆن دیناری عێراقی بازرگانێك له كه‌مپه‌كه‌دا سووتاوه.
لهههڵمهتێكیشدا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی دهۆك ده‌ستیان كردووه به كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ زیانلێکەوتووانی که‌مپی شاریا، کە ئەمڕۆ ئاگری گرت و زیانێكی زۆری مادده‌ی به‌ر كه‌مپه‌كه كه‌وتووه.
هاوكات یه‌كێك له په‌رله‌مانتارانی كوردی ئێزدی له په‌رله‌مانی عێراق داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات، رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان و دۆخه‌كه‌ش سه‌قامگیر بێته‌وه.
كوردانی ئێزدی له پارێزگای دهۆك له 16 كه‌مپ نیشته‌جێكراون، كه به‌هۆی گرژییه‌كانی شنگال و هه‌بوونی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌وه ناتوانن بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كانیان.
د.ی