شاندێكی هاوبه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ره‌وشی ناوچه سنوورییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه
"به‌هۆی ره‌فتاره‌كانی په‌كه‌كه، خه‌ڵكی ناوچه‌كه زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه"

K24 - هه‌ولێر:
حیكمه‌ت محه‌مه‌د، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رایگه‌یاند، بڕیاره سبه‌ی شاندێكی هاوبه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی پارێزگای دهۆك بكه‌ن، تا له نزیكه‌وه ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی په‌كه‌كه ببینین، كه كراوه‌ته سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
حیكمه‌ت محه‌مه‌د بۆ كوردستان24 گوتی: "سبه‌ی په‌رله‌مانتارانی كوردستان و په‌رله‌مانتارانی عێراق له پارێزگای دهۆك كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی له‌ناوچه سنوورییه‌كانی زاخۆ و ده‌ڤه‌ری ئامێدی درووست بووه، كه بووته هۆی ئه‌وه‌ی 5 پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌هید ببن و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش بریندار ببن".
گوتیشی: "ئه‌مه‌ی روویدا، له ئه‌نجامی هێرشێكی په‌كه‌كه بووه بۆ هێزێكی پێشمه‌رگه، كه په‌كه‌كه چه‌ندین جاری دیكه‌ش ئه‌م ره‌فتاره‌ی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه كردووه، په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه هه‌ڵبگیرسێنێت".
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌هۆی ره‌فتاره‌كانی په‌كه‌كه، خه‌ڵكی ناوچه‌كه زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه، بۆ نموونه له ده‌ڤه‌ری زاخۆ، سوپای توركیا تا قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر هاتووته پێش، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك شوێن تا 60 كیلۆمه‌تر هاتوون، به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه درووستی كردووه، ره‌ز و باخ خه‌ڵكی ناوچه‌كه هه‌مووی له‌ناوچووه، هه‌روه‌ها له ده‌ڤه‌ری ئامێدیش باخی خه‌ڵكه‌كه له‌ناوبراون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق ده‌چنه ئه‌و شوێنانه، تا بزانن چه‌ند زیان به‌ر ناوچه‌كه كه‌وتووه و سوپای توركیا تا كوێ هاتووه، تا راپۆرتێكی تێرتهسهل له‌باره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق بكرێت.
حیكمه‌ت محه‌مه‌د، ئاشكرای كرد، پێشتریش په‌رله‌مانی كوردستان 3 شاندی بۆ هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك ره‌وانه كردووه و راپۆرتیان داوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانیش حكومه‌تی هه‌رێمی له‌مه ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێشلێلكارییهكانی په‌كه‌كه تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه.
ئاشكراشی كرد، مه‌ترسییه‌كه له زیادبوونه، تا ئێستا زیاتر له 320 گوند چۆڵكراون، هۆكاره‌كه‌ش په‌كه‌كه‌یه، ته‌نانه‌ت به‌ر هاتنی سوپای توركیاش، په‌كه‌كه نه‌یهێشتووه خه‌ڵكی گونده‌كه بچنه‌وه سه‌ر باخ و ماڵی خۆیان، په‌كه‌كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، ئه‌و زه‌وییانه له‌لایه‌ن "سه‌دام"ه‌وه كڕاوه، دیاره په‌كه‌كه خۆی به بریكاری به‌عسییه‌كان داناوه.
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، پێویسته په‌كه‌كه و سوپای توركیاش خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌نه گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و زیان به خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌گه‌یه‌نن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه شوێنی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه.
د.ی