سەرچاوەیەک: رەنگە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە
"چاوەڕوان دەکرێت بەغدا بڕیاری زیادکردنی پشکی گازی ماڵانی هەرێم بدات"
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند: رەنگە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە؛ گوتیشی: چاوەڕوان دەکرێت سبەی بەغدا بڕیاری زیادکردنی پشکی گازی ماڵانی هەرێم بدات.
شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، زانیاریی وردی لە بارەی بڕی ناردنی نەوتی سپی و غازی ماڵان لە بەغداوە و وادەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر خستەڕوو.
نەوتی سپیی بەغدا و زیادکردنی ناردنی رۆژانە
سەبارەت بە پرسی نەوتی سپی، سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد، ئێستا نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دێت و 100 لیتری بە نرخی نزیکەی 32 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.
لەبارەی زیادکردنی پشکی نەوتی سپیی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە و کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ لە بازاڕدا، سەرچاوەکە روونی کردەوە، کە بڕە گشتییەکە هەر 50 ملیۆن لیترە و زیاد نەکراوە، بەڵکوو بەهۆی بەدواداچوون و لەسەرهێڵبوونی ئەوانەوە لەگەڵ بەغدا، بڕی ناردنی رۆژانە زیاد کراوە و بە شێوەیەک پێشتر نزیکەی پێنج تانکەر بۆ دابەشکردن بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دانرابوو، بەڵام دوای هەوڵەکانیان، ئێستا رۆژانە نزیکەی 35 تا 40 تانکەر دەنێردرێت.
وادەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند: بە پێی زانیاری و بەدواداچوونەکانمان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو پێیان راگەیاندین کە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شوێنی بەرهەمهێنانی گاز نزیکەی 10 رۆژی پێویستە.
سەرچاوەکە پێشبینیی کرد، بە پێی ئەو خەمڵاندنە 10 رۆژییە و ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی نەیەتە پێش، رەنگە لە رۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا، کە دووبارە بەدواداچوون دەکەنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا رێک لە کاتی دیاریکراودا دەستپێدەکاتەوە یان دوادەکەوێت.
زیادکردنی پشکی گازی ماڵان لە بەغداوە
هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زانیاریی نوێی لە بارەی گازی ماڵانەوە ئاشکرا کرد و گوتی: لە بارەی گازەوە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین؛ بەهۆی ئەوەی پێشتر کەمبوونەوەی بڕەکە هەستی پێ کرابوو، نووسراوی فەرمیمان بەرز کردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە بڕیار لەسەر زیادکردنی پشکی گازی ماڵانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، کە هێشتا بڕە نوێیەکە دیاریی نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەو بڕەی پێشتر زیاتر بێت؛ سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە، پشکی گازی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە رانەگیراوە.