محەمەد خورشید: پێشنیازێک هەیە بۆ کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

محەمەد خورشید: کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەروازەیەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پارتی و یەکێتی بەستەڵەک و گرژییەکانی نێوانیانی تواندەوە و دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و بڕیاری هاوبەشەوە بچێتە کۆبوونەوەکەی سێشەممەی داهاتووی بەغدا.

محەمەد خورشید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24، سەرنجی خستە سەر ئامانج و دەرەنجامەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، پارتی و یەکێتی لە سلێمانی و ئاماژەی بەوە دا، پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەم دیدارە کرابوو و هەردوو مەکتەبی سیاسی چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام دابوو، لەوانەش کۆبوونەوەیەکی رانەگەیەندراو لە چوارشەممەی رابردوودا.

روونیشی کردەوە کە هەرچەندە پێشتر بڕیار بوو کۆبوونەوەی لووتکە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بکرێت، بەڵام دوای دواکەوتنێکی کەم ئەمڕۆ ساز کرا، کە تێیدا پێشهاتە بەپەلەکانی بەغدا و بەیاننامەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر خێراترکردنی گفتوگۆکان هەبوو.

گوتیشی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کاری سەرەکی بۆ ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان بە یەکڕیزی و قسە و بڕیاری هاوبەشەوە بچێتە کۆبوونەوەکەی بەغدا، بەتایبەت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی کوردستان وەک گەل و نەتەوەیەک.

سەبارەت بە بڕیارەکانی بەغدا، محەمەد خورشید ئاماژەی بەوە دا کە لێکتێنەگەیشتن و پەلەکردنێک لە بەغدا هەیە، لەوانە دەرکردنی بەیاننامە بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کاتێکدا دەکرا لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بێت. جەختیشی کردەوە بەغدا تێدەگات فەرزکردنی بڕیار بەسەر هەرێمی کوردستاندا ئاسان نییە، تەنانەت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیشدا هاتووە کە پرسی دەروازە سنوورییەکان دەبێت بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن.

راشیگەیاند، هەرێم ئامادەی هاوکارییە لە دەسەڵاتە رەهاکانی فیدراڵدا بەپێی ماددەی 110ـی دەستوور، بەڵام ئەوەی لە ماددەکانی 114 و 115دا هاتووە پێویستی بە روونکردنەوە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە.

لەبارەی لێدوانەکانی عەلی زەیدی، ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: هەندێک قسەی کرد کە نەدەبوو بە ناوی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بکرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان نایەوێت بابەتەکان بە کەسی بکات و ئەم کۆبوونەوەیەش بۆ لێکتێگەیشتنە.

سەبارەت بەو بۆچوونانەش کە دەڵێن بەغدا دەیەوێت سیستەمی فیدراڵی بگۆڕێت بۆ کۆنفیدراڵی، خورشید گومانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، بەغدا زیاتر مەیلی بەلای سیستەمێکی تێکەڵاوی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدایە نەک کۆنفیدراڵی، چونکە کۆنفیدراڵی یەکگرتنی دەوڵەتانی سەربەخۆیە بە پەیماننامە و ئەگەر بەغدا بەوە رازی بێت ئەوا لە بەرژەوەندیی کوردە.

لە کۆتاییشدا داوای لە تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بێنە ناو یەکڕیزیی نیشتمانییەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گوتاری شۆڤێنی دژی کورد لە ئارادایە. ئاشکراشی کرد، پێشنیازێک هەیە بۆ کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم یان سەرۆکایەتیی حکوومەت، و هیوای خواست لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیەش ئەنجام بدرێت.