روونکردنەوەیەک لەفەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێم

"سه‌فین دزه‌یی لە هیچ شوێنێكدا نەیگوتووە 'تورکیا لە بڕینەوەى دارەکان ئاگاداریان کردووینەتەوە، بەڵکو دەڵێت لایەنى پەیوەندار لە حکومەتى هەرێم ئاگاداریان کردووینەوە کە حاڵەتێکى ئاوا لە ناوچە سنووریەکان هەیە"

سه‌فین دزه‌یی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سه‌فین دزه‌یی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێم له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هه‌ندێك کەس و دەزگاى راگەیاندن دەرفەتەکەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەى راستییەکان لە رێگەى دەزگاکەیان و سۆشیال میدیا بشێوێنن، كاتێك له‌ دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی دەنگى ئەمه‌ریکا لێدوانه‌كانی "سه‌فین دزه‌یی"یان شێواندووه‌ و ده‌ستكارییان كردووه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، بەڕێزیان لە هیچ شوێنێكدا نەیگوتووە ''تورکیا لە بڕینەوەى دارەکان ئاگاداریان کردووینەتەوە''، بەڵکو دەڵێت لایەنى پەیوەندار لە حکومەتى هەرێم ئاگاداریان کردووینەوە کە حاڵەتێکى ئاوا لە ناوچە سنووریەکان هەیە.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێم:

ئەخلاقى کارى رۆژنامەوانى لە بنەما سەرەکییەکانى کارى راگەیاندنەو دەبێ هەواڵنێر بە ئەمانەتەوە راستییەکان بۆ ناوەندە فەرمییەکان و راى گشتى بگوازێتەوە. بە داخەوە بەهۆى ئەو پەرتەوازەییەى لەنێو کایەى میدیاى کوردیدا هەیەو بەهۆى ئەو ئازادییە رەهایەى لە هەرێمى کوردستان بۆ میدیاکاران فەراهەم کراوە، هەندێ کەس و دەزگاى راگەیاندن دەرفەتەکەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەى راستییەکان لە رێگەى دەزگاکەیان و سۆشیال میدیا بشێوێنن.

ئێمە رێز لە هەموو بۆچوون و رایەکى جیاواز دەگرین و رەخنەکانیش بەهەند هەڵدەگرین بۆ راستکردنەوەى هەڵەکان. بەڵام بە داخەوە لەم چەند رۆژەى رابردوو لە پەراوێزى دیمانەیەکى بەڕێز سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لەچەندین ماڵپەرو هەژمارەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەنقەست و بەبەرنامە راستى قسەکانیان شێواندو بە نیوەچڵى بڵاویان کردەوە بۆ بەلاڕێدابردنى راى گشتى.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەشى کوردى دەنگى ئەمریکا وەڵامى هەموو ئەو چەواشەکاریانەى داوەتەوە کە ماوەیەکە لە هەندێ کەناڵى میدیایی دژى هەڵوێست و سیاسەتى حکومەتى هەرێم بڵاودەکرێنەوە. بەڕێزیان تەواوى راستییەکانى روونکردۆتەوە. بەڵام بە داخەوە جارێکى دیکە دەقى قسەکانى ناو دیمانەکەیان دەستکارى کردۆتەوەو بە ناوى دەنگى ئەمریکا بڵاویان کردۆتەوە. بەڕێزیان لە هیچ شوێنێ نەیگوتووە '' تورکیا لە بڕینەوەى دارەکان ئاگاداریان کردووینەتەوە'' بەڵکو دەڵێ لایەنى پەیوەنددار لە حکومەتى هەرێم ئاگاداریان کردینەوە کە حاڵەتێکى ئاوا لە ناوچە سنووریەکان هەیە، لە دیمانەکەشدا بەڕێزیان دەڵێ " بە دڵنیاییەوە ئەوە کارێکی زۆر زۆر ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین ڕێگای تایبەت و فەرمی ئاگاداری لایەنەکانی تورکی کردۆتەوە.

لەم لینکەشدا دەتوانن دەقى دیمانەکەى بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لەسەر ماڵپەڕى بەشى کوردى دەنگى ئەمریکا ببینن. 

https://www.dengiamerika.com/a/kurdistan/5919112.html

 

راگەیاندنى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت

٨/٦/٢٠٢١

Fly Erbil Advertisment