ورده‌كاری هه‌ڵگرتنی ڤیزا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌سه‌ر هاووڵاتیانی عێراقی و كوردستان ده‌خرێنه روو
ئێران یاداشتێكی پێشكه‌ش به حكومه‌تی عێراق كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و بڕیاره بچێته بواری جێبه‌جێكردن

K24- سلێمانی:
عه‌تا ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمپانیا و نووسینگه گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی ڤیزا له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه له‌سه‌ر هاووڵاتیان و كاریگه‌ری ئه‌و بڕیاره له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری له هه‌رێمی كوردستان و ئێران و كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره گوتی: به‌ر له دوو رۆژ ئه‌وان سه‌ردانی كونسۆڵخانه‌ی ئێرانیان كرد له شاری سلێمانی و و كونسۆڵی ئێران به‌وانی راگه‌یاندووه، كه یاداشتێكیان پێشكه‌ش به حكومه‌تی عێراق كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و بڕیاره بچێته بواری جێبه‌جێكردن.
گوتیشی، ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر بریاری پێدانی ڤیزا بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ وه‌ك سه‌ره‌تا رازی بێت، ئه‌وا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردن.
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمپانیا و نووسینگه گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی گوتیشی: كونسۆڵی ئێران ئاشكراشیكردووه، كه حكومه‌تی عێراق نیمچه ره‌زامه‌ندییه‌كی نیشانداوه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا وه‌ڵامی كۆتاییان ده‌داته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، كونسۆڵی ئێران له سلێمانی به‌ڵێی ئه‌وه‌ی پێداین كه پێشینه‌ی ئاسانكارییه‌كانی گه‌شتی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئه‌و كه‌سانه بێت كه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ن.
گوتیشی: پێشبینی ده‌كرێت له داهاتوودا گه‌شتی نێوان ئێران و عێراق به‌گوێره‌ی مه‌رجه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌نجام بدرێن، له‌وانه‌ش وه‌رگرتنی پێكوته‌ی كۆرۆنا و به‌ڵگه‌ی پشتڕاستكه‌ره‌وه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ڤاكسین.
H.B