كۆتایی ئه‌م مانگه وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی دژ به داعش كۆده‌بنه‌وه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی گرنگ بۆ پلانی داهاتووی رووبه‌ڕوونه‌وه و بنبڕكردنی داعش له جیهان تاوتوێ ده‌كرێن

K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند، له 28ی ئه‌م مانگه ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به هاوكاری له‌گه‌ڵ لویجی دی مایۆ، هاوتا ئیتاڵییه‌كه‌ی میوانداری كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی هه‌وڵه‌كانی شكستهێنانی یه‌كجاره‌كی به رێكخراوی داعش.
له به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه به‌وه دراوه، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا رێگه‌كانی به‌رده‌وامیدان به فشاره‌كانی سه‌ر پاشماوه‌كانی داعش له عێراق و سووریا و هه‌روه‌ها رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی داعش له هه‌ر شوێنێكی دیكه تاوتوێ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش شانه‌كانی ئه‌و رێكخراوه له ئه‌فریقیا.
جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌وڵی هاوپه‌یمانێتییه‌كه بۆ به‌رده‌وامیدان به سه‌قامگیری ده‌كه‌ن، وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندن بۆ پرسی چه‌كداره بیانییه‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دعش له‌ڕووی پشتیوانی دارایی و هه‌وڵه‌كانی له‌ناوبردنی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش.
به‌یاننامه‌كه باسی ئه‌وه ده‌كات، "ئه‌و هاوپهیمانێنییه جیهانییه كه 83 وڵات تێیدا ئه‌ندامن و ئه‌مه‌ریكا تێیدا رۆڵی سه‌ركرده ده‌گێڕێت، تا ئێستاش له پابه‌ندییه‌كه‌ی بۆ شكستهێنان داعش له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌رده‌وامه".
H.B