نزیکەی 6 ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی ماددەی هۆشبەر بەکارده‌هێنن

"رۆژانە 13 هاووڵاتی ئێرانی بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەره‌وه‌ گیان لەدەست دەدەن"

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران ساڵانە 8% زیاد دەکات
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران ساڵانە 8% زیاد دەکات

K24 – هەولێر

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران ئاشکرای کرد، نزیکەی 6 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی ماددەی هۆشبەر بەکارده‌هێنن. بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە، ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران، ساڵانە بە لایەنی کەم 8% زیاد دەکات و تووشبوونی ژنانیش روو لە زیاد بوونەوە.

ساڵ لەدوای ساڵ لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران، ژمارەی تووشبووانی ماددەی هۆشبەریش لەم وڵاتە زیاتر دەبێت و ئێستا نزیکەی 6 ملیۆن هاووڵاتی ماددەی هۆشبەر بەکار دێنن.

عەلی هاشمی، بەرپرسی پێشووی ناوەندی بەرەنگار بوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران رایگه‌یاند، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، رێژەی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران، سێ ئەوەندەی زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی ئەم وڵاتەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی "کادراس" کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئێرانییە و بنکەی سەرەکییەکەی لە شاری تارانە، ساڵانە رێژەی تووشیبووانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران 8% زیاد دەبێت. هەربەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە ژنانی ئێران ئەگەرچی ئێستا 6%ی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر پێکده‌هێنن، بەڵام چەند ساڵێکە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن ژنانیشەوە روو لە زیاد بوونە.

بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی لەلایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە بڵاو کراونەتەوە، لە ئێران 2 ملیۆن و 800 هەزار تووشبووی ماددەی هۆشبەر بە فەرمی تۆمار کراون، هەروەها مەزەندە دەکرێت نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار تووشبووی دیکەش هەبن، کە ناویان تۆمار نەکراوە و سەرەڕای ئەوەی یەک ملیۆن و 600 هەزار کەسیش بە شێوەی کاتی و نابەردەوام ماددەی هۆشبەر بەکارده‌هێنن.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ئەم ناوەندە، لە 30 ساڵی رابردوودا 18 ملیۆن کەس لە ئێران دەستبەسەر کراون، کە نزیکەی 68% واتا زیاتر لە 12 ملیۆن کەسیان راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بە هۆی تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، ماددەکانی تریاك، هیرۆیین، حەشیش و شیشە زۆرترین بەکارهێنەریان لە نێو هاووڵاتیانی ئێراندا هەیە. لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری کیمیایی، ژمارەی قوربانیانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریش روو لە زیاد بوونە و ئێستا رۆژانە 13 هاووڵاتیی ئێرانی بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

د.ی

Fly Erbil Advertisment