ئەم هەفتەیە پڕۆژەی رێگای میراوە تەواو دەکرێت
قەرەباڵغی لە رێگای شەقڵاوە کەمدەکاتەوە
K24 - هەولێر
دوای چەند رۆژێک کارکردن لە پڕۆژەی رێگای میراوە، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر سەردانی پڕۆژەکەی کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەکە تەواو دەبێت و هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن بەو رێگایەدا بگەڕێنەوە بۆ هەولێر.
رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ پارێزگای هەولێر سەردانی پڕۆژەی رێگای میراوەی کرد، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەندازیار و تیمەکانی رێگاوبان و بەرپرسانی ئیداری گفتوگۆیان لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە کرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، رێگاکە بە رووی گەشتیاران و هاووڵاتییان دا دەکرێتەوە و دەتوانن لە سایدی گەڕانەوە بۆ هەولێر دەتوانن بەو رێگایەدا بگەڕێنەوە، بەتایبەتی رۆژانی هەینی بەهۆی هاتنی گەشتیاران قەرەباڵغی لەو رێگایە دروست دەبێت، بە تەواو کردنی پڕۆژەکە چارەسەری ئەم گرفتە دەکرێت".
پڕۆژەی شەقامی میراوە، کۆڕێ و میراوە- شەقڵاوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی رێگای زیاتر لە 10 گوندی ناوچەکە پێکدەبەستێتەوە. رێگاکە لە کۆتای کۆڕێ دەستپێدەکات بە تونێلی سۆرکدا تێدەپەڕێت و تا کۆتایی شەقڵاوە و دەچێتەوە سەر دوو سایدی سۆران- ھەولێر. تێچووی پڕۆژەکە 68 ملیۆن دینارە، لەلایەن پارێزگای ھەولێرەوە دابینکراوە و بەڕێوبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی ھەولێر جێبەجێی دەکات.