وڵاتێکی ئەورووپی بە هۆی کۆرۆنای دێڵتا رێنمایی نوێ دەردەکات

هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی دووبارە ژمارەی تووشبوانی بە پەتای کۆرۆنا لە هەڵکشانێکی چاوەڕوان نەکراودایە

بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوانی کۆرۆنا لە هۆڵەندا
بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوانی کۆرۆنا لە هۆڵەندا

K24- هۆڵەندا:

دوای کرانەوەی زۆربەی شوێنە داخراوەکان لە سەرانسەری ئەوروپا، کە بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، لەسەرەتای مانگی تەمووز و گۆڕینی رەنگی وڵاتەکان لە سوورەوە بۆ زەرد و دواتر سپی، چەند رۆژێکە شەپۆلی پەتای کۆرۆنا و  کۆرۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا)، دووبارە وڵاتە ئەورووپییەکانی ناچار کردووە رێوشوێنی داخستن و رێنمایی نوێ بۆ خۆپارێزی دەربکەنەوە.

هۆڵەندا یەکێک لەو وڵاتانەیە، دووبارە ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە هەڵکشانێکی چاوەڕوان نەکراودایە، دوێنێ سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە و وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دووبارە بڕیاری داخستنەوەی رێستۆرانت و شوێنی شەوانەیاندا.

بەپێی رێنماییەکان دەبێت لە کاتژمێر 12ی شەو، تا 6ی بەیانی، هەموو جۆرە چالاکیەک و کۆبوونەوەی بە کۆمەڵ و دانانی شاشەی گەورە بۆ یاری کۆتایی جامی ئەوروپا، قەدەغەکرا،  دووبارە دووری نێوان کەسەکان مەتر و نیوێک بێت و هەمووان ئاگاداری خۆپارێزی بن، گرنگی بە دەست شوشتن بدەن و لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی پەتاکە، تێست بکرێن.

هۆکاری دووبارە داخستن و رێنماییە نوێیەکان، بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا، دەگەڕێتەوە، پێشتر ژمارەی تووشبووان لە هەفتەیەکدا 4208 کەس بوو، لەم هەفتەیەدا ژمارەکە بۆ 8541 کەس بەرزبووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment