حكومه‌تی هه‌رێم نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای هه‌ولێری بۆ كۆرۆنا ته‌رخانكرد
به هۆی هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به هۆی هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی مردن و تووشبوون به كۆرۆنا، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا، نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوا ته‌رخان بكاته‌وه به تووشبووانی كۆرۆنا.
نه‌خۆشخانه‌كه پێشتر تایبه‌ت كرابوو، به تووشبووانی كۆرۆنا، به‌ڵام دوای دابه‌زینی ئاماره‌كانی تووشبوون، له (24ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، دوا تووشبووی كۆرۆنای لێ چاره‌سه‌ركرا و كرایه‌وه به فریاكه‌وتن.
به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌كه، د. كاروان یاسین رایگه‌یاند، له ماوه‌ی 36 رۆژی رابردوودا، 200 نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه‌كه‌یان كراوه، به‌ڵام به هۆی زیادبوونی مه‌ترسییه‌كانی شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنا، حكومه‌ت ناچار بوو، نه‌خۆشخانه‌كه تایبه‌ت بكاته‌وه به كۆرۆنا.
گوتیشی: نه‌خۆشخانه‌كه‌یان له توانایدایه پێشوازی له 400 حاڵه‌تی تووشبوونی مامناوه‌ند بكات و بخرێنه ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكییه‌وه. به‌و پێیه‌ی تووشبووییهك مه‌ترسی له‌سه‌ر بێت له چاودێری چڕ ده‌خرێته ژێر چاودێرییه‌وه و ئه‌وانه‌ی نیشانه‌ی سه‌ره‌تاییان هه‌یه ده‌كرێت له ماڵه‌وه بن، به‌ڵام حاڵه‌ته‌كانی مامناوه‌ند له نه‌خۆشخانه ده‌مێننه‌وه.
روونیشیكرده‌وه، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی پێشوازی له تووشبووانی كۆرۆنا بكه‌ن.
د. كاروان یاسین، باسی له‌وه‌شكرد، له ماوه‌ی رابردوودا ئاماره‌كان داكشابوون، به‌ڵام كۆرۆنا له‌ناو نه‌چووه و شه‌پۆلی ئه‌مجاره مه‌ترسیدار و خێراتر ده‌گوازرێته‌وه.
به پێویستیشی زانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌رده‌وام بن له هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان و بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنماییه ته‌ندرووستییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان زیاتر خۆپارێزی بكه‌ن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ژماره 510ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 24 كاتژمێری رابردوودا 16 هاووڵاتی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به په‌تای كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستدا و 1347 هاووڵاتی دیكه وه‌ك تووشبووی په‌تاكه ده‌ستنیشان كراوون، به‌راورد به چه‌ند مانگی رابردوو، ئاماره‌كه به راده‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه.