پزیشکان هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوی شێرپەنجەی سییەکان ئاشکرا دەکەن
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریی لە "بکوژێکی بێدەنگ" دەدەن، کە بێئاگا دزە دەکاتە ناو ماڵەکانەوە و دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سییەکان؛ بە گوتەی پزیشکانیش، بەرکەوتنی گازی تیشکدەری رادۆن ساڵانە لە ئەمریکادا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 20 هەزار کەس.
هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی پزیشکیی (ئیتینگ وێڵ)، لە زاری نەبیل رزق، پزیشکی پسپۆڕی لووەکانی سنگ، بڵاوی کردەوە، رادۆن گازێکی تیشکدەرە کە بە شێوەیەکی سروشتی دروست دەبێت، نە بۆنی هەیە و نە دەبینرێت، بە گشتی دووەم دیارترین هۆکاری شێرپەنجەی سییەکانە و هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بەم نەخۆشییە لە نێو کەسانی جگەرەنەکێشدا.
روونیشی کردووەتەوە، ئەم گازە لە ئەنجامی شیبوونەوەی سروشتیی یۆرانیۆمی ناو خاکدا دزە دەکاتە ناو ماڵەکان، کە تێیدا دەکرێت لە ناو باڵەخانەکاندا کۆ ببێتەوە و بگاتە ئاستی مەترسیدار.
باسی لەوە کرد، بەرکەوتنی گازی تیشکدەری رادۆن، ساڵانە لە ئەمریکادا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 20 هەزار کەس.
رادۆن رەنگە ببێتە هۆی شێرپەنجەی سییەکان
لە کاتی هەڵمژینی گازی رادۆندا، ئەو تەنۆلکە تیشکدەرانەی لێیەوە دروست دەبن، دەتوانن بە تۆزەوە بنووسێن و لە ناو سییەکاندا جێگیر ببن، لەوێشدا لە شیبوونەوە و دەردانی تیشکەکان بەردەوام دەبن.
لای خۆیەوە دکتۆرە ئیرین ئەی گیلاسپی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، ئاشکرای کرد، بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ، بەرکەوتنی ئەم تیشکانە رەنگە ببێتە هۆی تێکدانی ترشی ناوەکی (DNA) لە خانەکانی سییەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی بازدانی بۆماوەیی کە لە کۆتاییدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان دروست دەکات.
گیلاسپی ئاماژەی بەوەش کردووە، مەترسیی تووشبوون دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دوو فاکتەری سەرەکییەوە: ئاستی خەستیی گازی رادۆن و ماوەی بەرکەوتنی.
هاوکات گوتیشی: ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا دەخەمڵێنێت کە ئەو کەسەی لە ماڵێکدا دەژی خەستیی رادۆن تێیدا دەگاتە 4 پیکۆکوری (یەکەیەکی پێوانەیە بۆ پێوانی چالاکیی تیشکی بەکار دەهێنرێت) بۆ هەر لیترێک، رووبەڕووی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان دەبێتەوە بە رێژەی 7 حاڵەت لە هەر هەزار کەسێکدا، تەنانەت ئەگەر هەرگیز جگەرەشی نەکێشابێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ئەگەرە بەرز دەبێتەوە بۆ 62 حاڵەت لە هەر هەزار کەسێکدا ئەگەر کەسەکە ئێستا جگەرەکێش بێت.
چۆن دەتوانرێت رادۆن لە ناو ماڵدا بدۆزرێتەوە؟
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت کۆمەڵە ئامرازێکی تایبەت بە پێوانی رادۆن داوا بکرێت تا بگاتە ماڵەوە، پاشان بە پێی رێنماییەکان نموونەکە یان ئامێری پێوانەکە رەوانەی تاقیگە بکرێت بۆ شیکردنەوەی ئەنجامەکان.
گرنگیی پشکنین تەنیا لە دۆزینەوەی مەترسییەکەدا سنووردار نییە، بەڵکو ئەنجامەکانی رێگە بە گرتنەبەری رێکاری پێویستیش دەدەن بۆ چارەسەرکردنی.
ئەگەر پشکنینەکە دەری خست خەستیی رادۆن بەرزە و، بە دیاریکراوی لە ئاستی 4 پیکۆکوری بۆ هەر لیترێک یان زیاتردایە، دەکرێت پەنا بۆ کەسانی پسپۆڕ ببرێت تا سیستەمێک دابنێن بۆ کەمکردنەوەی دزەکردنی گازەکە بۆ ناو ماڵ.
ئەم سیستەمانە لە رووی دیزاین و شێوازی کارکردنەوە جیاوازن، بەڵام بە زۆری پشت بە پانکە و بۆری دەبەستن بۆ راکێشانی گازی رادۆن لەو خاکەی دەکەوێتە ژێر بناخەی ماڵەکەوە، پاشان بە شێوەیەکی سەلامەت گواستنەوەی بۆ هەوای دەرەوە پێش ئەوەی بتوانێت دزە بکاتە ناو ژوور و رووبەرەکانی نیشتەجێبوونەوە.
دۆزینەوەی پێشوەختەی ئاستەکانی رادۆن یەکجار گرنگە
شارەزایان جەخت لە پێویستیی پشکنینی ئاستەکانی رادۆن لە ناو ماڵاندا دەکەنەوە بۆ ئاشکراکردنی هەر بەرزبوونەوەیەک تێیاندا لە زووترین کاتدا.
گیلاسپی ئاشکرای کرد، دۆزینەوەی پێشوەختەی رادۆن دەتوانێت کۆی گشتیی بەرکەوتنی مرۆڤ بەم گازە بە درێژایی ژیانی کەم بکاتەوە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکانی پەیوەست پێوەی داببەزێنێت.
لە بەرامبەردا، دکتۆر رزق جەخت دەکاتەوە کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان لە ئەنجامی بەرکەوتنی رادۆن، مەترسییەکی کەڵەکەبووە؛ واتە پەیوەستە بە خەستیی گازەکە لە ناو ماڵدا و بەو ماوەیەی کەسەکە هەڵی دەمژێت.
ئامۆژگاریی شارەزایان بۆ پاراستنی تەندروستیی سییەکان
لە پاڵ پشکنینی ئاستەکانی رادۆندا، شارەزایان کۆمەڵێک راسپاردەیان پێشکەش کردووە کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی سییەکان و باشترکردنی فرمانەکانی کۆئەندامی هەناسە، کە بریتین لە:
وازهێنان لە جگەرەکێشان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ.
دوورکەوتنەوە لە پیسکەرەکانی هەوا و بەستنی دەمامکی گونجاو بۆ خۆپاراستن لەو پیسکەرانەی رەنگە لە کاتی کارەکانی بیناسازی یان پاککردنەوەدا، یان لە ئەنجامی رووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بڵاو ببنەوە.
ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی رۆژانە، بەتایبەتی وەرزشە هەواییەکان.
خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکانی کۆئەندامی هەناسە.