نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر لە حوزەیرانی داهاتوو کارەکانی تەواو دەبێت

 بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی دەروونی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر، بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 تەواو بێت، جەختیانکردەوە، بۆ کارپێکردنی نەخۆشخانەکە پێویستیان بە نزیکەی 500 کەس دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش داواکارییان ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی دایانبمەزرێنن. 

هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، ئەو خۆشخانە دەروونییەی ئێستا لە نێو سنووری نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریـدایە، شوێنەکەی زۆر خراپ و بچووکە و تەنانەت بەشی تایبەت بە ئافرەتانی تێدا نییە، بۆیە دروستکردنی ئەم نەخۆشخانە نوێیە پێویستییەکی گرنگ بوو بۆ هەولێر. هاوکات رایگەیاند، پڕۆژە نوێیەکە لەسەر رووبەری 30 هەزار و 500 مەتر دووجا دروست دەکرێت و 200 تەخت لەخۆ دەگرێت، کە لە رووی رووبەری زەوییەوە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

سەبارەت بە پزیشکان و کارمەندانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە و گواستنەوەی نەخۆشخانەکە بۆ باڵەخانەی نوێ، کێشەی کەمی پزیشک و کارمەندان دروست دەبێت، چونکە ژمارەی پزیشک و کارمەندانی ئێستایان کەمترە لە 150 کەس، ئەمەش بۆ نەخۆشخانەیەکی بەو قەبارەیە کورتهێنانێکی زۆر دروست دەکات. گوتیشی، بە خەمڵاندنی ئەوان نزیکەی 500 کەس پێویستە لە نەخۆشخانەکەدا کار بکەن، هەر بۆیە داواکارییان بەرز کردووەتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دامەزراندن یان دابینکردنی کارمەند و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر وردەکاریی پێکهاتەی باڵەخانەکەی خستەڕوو، گوتی، نەخۆشییە دەروونییەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبن، جۆری یەکەم نەخۆشیی کورتخایەن و توندە نەخۆشەکان بۆ ماوەیەکی کەم 10 بۆ 15 رۆژ دەهێڵرێنەوە و دوای وەرگرتنی چارەسەر دەردەچن، و جۆری دووەمیش نەخۆشیی درێژخایەنە کاتی زۆری دەوێت و هەندێکیان بە مانگ یان ساڵ دەمێننەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، دوو باڵەخانە بۆ نەخۆشانی کورتخایەن (باڵەخانەیەک بۆ پیاوان و یەکێک بۆ ئافرەتان) و دوو باڵەخانەش بۆ نەخۆشانی درێژخایەن (باڵەخانەیەک بۆ پیاوان و یەکێک بۆ ئافرەتان) تەرخان کراون.

لەبارەی دوو باڵەخانەکەی دیکەوە، دکتۆر دلۆڤان باسی لەوە کرد، یەکێکیان تایبەتە بە کاروباری چاککردن و خزمەتگوزارییەکان، و باڵەخانەکەی دیکەش باڵەخانەی سەرەکییە لە دوو نهۆم پێک دێت، نهۆمێکی بۆ بەڕێوەبردن و کارگێڕی تەرخان کراوە و نهۆمەکەی دیکەشی بۆ بەشی راوێژکارییە. بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە بەشی راوێژکاریدا ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن پشکنینی تایبەت بە نەخۆشیی دەروونییان بۆ دەکرێت و دواتر بڕیار دەدرێت ئایا لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن یان لە بەشی کورتخایەن بخەوێنرێن، لە کاتێکدا بۆ حاڵەتە زۆر درێژخایەنەکان لیژنەی تایبەت بڕیار دەدات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئەوەی خستەڕوو، نەخۆشخانەکە بە ستانداردی جیهانی دروست دەکرێت و رێژەیەکی زۆری سەوزایی تێدا دەبێت، بە شێوەیەک کاتێک نەخۆشەکان لە ژوورەکانیان دێنە دەرەوە، شوێنی سەوزایی و شوێنی یاریکردنیان بۆ دابین بکرێت.