چۆنیه‌تی به‌ ئه‌ندامبوونی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان له‌ فیفا

16 فیدراسیۆنی تۆپی پێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كانیان سه‌ربه‌خۆ بن، له‌ فیفا ئه‌ندامن

ئێره‌ جیبرالتاره‌، دانیشتوانه‌ ئه‌م دورگه‌یه‌ به‌پێی دوایین سه‌رژمێر له‌ ٣٠ هه‌زار تێناپه‌ڕێت، كه‌چی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌م دورگه‌یه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هاوشانی كۆسۆڤۆ به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانه‌وه‌ دانی پێدانرا و له‌مه‌ودوا هه‌ڵبژارده‌كانی جیبرالتار و كۆسۆڤۆ ده‌توانن به‌شداریی پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال بكه‌ن، كه‌چی له‌ دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تر هه‌رێمێكی پێنج ملیۆن كه‌سی هه‌یه‌ و هێشتا مافی ئه‌نجامدانی یارییه‌ نێوده‌وله‌تییه‌كانی نییه‌ و له‌لایه‌ن فێدراسیۆنه‌كانی تۆپی پێی ئاسیا و جیهان دانی پێدانه‌نراوه‌.

فیفا دوای كۆنگرێسی شه‌ست و شه‌شه‌مین ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی گه‌یشته‌ ٢١١ ئه‌ندام، له‌ كاتێكدا ١٩٥ وڵات له‌ جیهاندا هه‌ن و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌ندامن و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌رگرتووه‌، واته‌ ١٦ فێدراسیۆنی تۆپی پێ بێ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كانیان سه‌ربه‌خۆ بن بوونه‌ته‌ ئه‌ندامی فیفا.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦ـه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، هێشتا له‌لایه‌ن فیفاوه‌ دانی پێدا نه‌نراوه‌ و شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌شداریی دووه‌مین وه‌شانی جامی كۆنیفا ده‌كات، فێدراسیۆنه‌كه‌ تاكو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌ گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، له‌كاتێكدا به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ جیهان به‌ ڕووی كوردستان بووه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ هاوشانی هه‌وڵی سیاسییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، به‌رپرسه‌ وه‌رزشییه‌كانیش هه‌وڵ بۆ سه‌ربه‌خۆیی وه‌رزشی كوردستان بده‌ن.

بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان چه‌ندین رێگا و شێواز و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ن، یه‌كێك له‌ رێگایه‌كان ره‌زامه‌ندبوونی فێدراسیۆنی وڵاته‌كه‌یه‌، بۆ نموونه‌ فێدراسیۆنی تۆپی پێی ماكاو به‌هۆی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی چین بووه‌ته‌ ئه‌ندامی فیفا، دورگه‌ی فارۆش كه‌ رێژه‌ی دانیشتوانی ناگاته‌ ٥٠ هه‌زار به‌ وه‌رگرتنی ئۆكه‌ی له‌ فێدراسیۆنی تۆپی پێی دانیماڕك بووه‌ته‌ ئه‌ندامی فیفا.

پێش ئه‌وه‌ی فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان هه‌وڵ بۆ بوون به‌ ئه‌ندامی فیفا بدات، ده‌بێت هه‌وڵ بدات ببێته‌ ئه‌ندامی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، چونكه‌ فێدراسیۆنه‌كانی جیبرالتار و كۆسۆڤۆ پێش ئه‌وه‌ی ببنه‌ ئه‌ندامی فیفا، سێ ساڵ پێشتر بوونه‌ ئه‌ندامی یوێفا.

ئه‌گه‌ر فێدراسیۆنه‌كه‌ نه‌توانێت له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌میدا ببێته‌ ئه‌ندامێكی فیفا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌توانێت فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رازی بكات یاریی دۆستانه‌ی نێوده‌وله‌تی ئه‌ندام بدات، یانیش به‌شداریی له‌ جامی رۆژئاوای ئاسیا بكات وه‌كچۆن یوێفا ئۆكه‌ی بۆ فێدراسیۆنی تۆپی پێی كه‌ته‌لۆنیا كردووه‌.

١٠ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان تێپه‌ڕیوه‌ و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب له‌ یارییه‌ نێوده‌وله‌تییه‌كان ببیستین.