کریستیانۆ: هەڕەشەی کوشتنم لێدەکرێت

کریستیانۆ: بیر لە وازهێنان لە یاریکردن دەکەمەوە

کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال
کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال

کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ لە شوێنی کەمپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال رایگەیاند بیر لەوە دەکاتەوە ئەمساڵ واز لە یاریکردن بێنێت، گوتیشی: ئەگەر بزانم پۆرتوگال پێویستی بە من نییە و پشتم پێنابەستێت هەر ئێستا هەڵبژاردەکە جێدەهێڵم، بەڵام دڵنیام پۆرتوگال پشت بە من دەبەستێت، بۆیە من لە یاریکردن بەردەوامم.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23 ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانی دا، کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال گوتی: ئەمساڵ بیر لە وازهێنان لە یاریی تۆپی پێ دەکەمەوەم چونکە چیتر جەستەم رێگەم پێ نادات بیر لە داهاتوو بکەمەوە، هەر چەندە من ئێستاش بڕوام وایە سەرمایەیەکی بەنرخم بۆ هەڵبژاردەکەم، هەمیشە دەتوانم جیاوازی دروست بکەم. 
کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: راهێنەر هەرچییەکی لە من بوێت ئامادەم بیکەم، ئەگەر راهێنەر پێم بڵێ لە یاریگە بڕۆ دەرەوە و هەڵبژاردەکە جێبهێڵە یان ئەگەر  بڵێت بڕۆ نێو یاریگە ئامادەم، چونکە هەڵبژاردەکەم لە من و لە هەموو یاریزانەکان گەورەترە.
کریستیانۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تەنیا بۆ ئارەزووی خۆی و لەبەر خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دەشڵێت: من هیچ بەرژەوەندییەکی دیکەم نییە، هیچ کەسێک لەم جیهانە هێندەی من گۆڵی نەکردووە، بۆیە هێشتا دەتوانم یارمەتیدەرێکی باشی راهێنەر و وڵاتەکەم بم، دەشمەوێت بە ئاستی خۆم لەنێو یاریگە یارمەتیدەری وڵاتەکەم بم، نەک بەهۆی سی ڤی رابردووم.
کریستیانۆ هێمای بۆ ئەوەش کرد کە هەندێک لە میدیایەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەری، دەشڵێت: ساڵانێکە بەشێک لە میدیایەکان هەوڵی کوشتنم دەدەن، بەڵام ئەوان هەرگیز ناتوانن کاریگەری لەسەر من دروست بکەن، میدیایەکان زۆرجار هەوڵ دەدەن بە دەمانچەیەک یان بە چەقۆ من لەناو ببەن، بەڵام من بەهرەی ئەوەم هەیە خۆم لە فیشەک و هێرشی ئەوان بدزمەوە.
کریستیانۆ گوتیشی: لە شێوازی پرسیارەکانتان هەسێ پێ دەکەم زۆربەتان ئارەزووی ئەوە دەکەن من لە یاریکردن بەردەوام نەبم، بەڵام من گوێ بەو کەسانە نادەم کە منیان خۆش ناوێت، من لەبەر خاتری ئەوانەی دێنە یاریگە بۆ سەیرکردنی من، جارێ لە یاریکردن بەردەوام دەبم.

رۆناڵدۆی تەمەن 42 ساڵ بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی خۆی 979 گۆڵی تۆمارکردووە، بەمەش تەنیا 21 گۆڵی ماوە بۆ گەیشتن بە 1000 گۆڵ، ئەمەش دوایین خەونی کریستیانۆیە کە دەیەوێت پێش ئەوەی پێڵاوەکانی هەڵواسێت پێیبگات.
 کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاروانی وەرزشی خۆی 450 گۆڵی بۆ  ریال مەدرید کردووە، 145 گۆڵ بۆمانچێستەر یونایتد، 132 بۆ نەسڕ، 101 گۆڵ بۆ یوڤێنتوس و 5 گۆڵ بۆسپۆرتینگ لیسبۆن،  146 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، ئەمەش وایکردووە ئەفسانە پۆرتوگالییەکە ریکۆردی زۆرترین گۆڵ لە مێژووی تۆپی پێ تۆنمار بکات.