ئاوی ئیفرازی هەولێر بەردەدرێتەوە
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر کاتی بەردانەوەی ئاوی ئیفراز رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاو بۆ سەرجەم ئەو گەرەكانە بەردەدرێتەوە، کە ئیفرازە و چەند رۆژێکە بەهۆی شێلو بوون گیرابووەوە.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند "تائێستا شێلویی ئاوی زێی گەورە ماوەو ناتوانین ئاو بەربدەینەوە بۆ ھاووڵاتیان، بەپێی ئەو بەدواداچوونانمان ئێوارەی ئەمڕۆ شێلوی ئاوەکە نامێنێ و لە ئێوارە ئاو بۆ ھەر سێ بۆری ئیفراز 1 و 2 و 3 بەردەدەینەوە".
ماوەی چوار رۆژە بەھۆی بارانبارین و ھاتن قوڕ و لیتە بۆ زێی گەورە، ئاوی ھەر سێ بۆری ئیفراز یەك و دوو و سێی هەولێر گیراوەتەوە، بەوهۆیەوە نزیكەی 80٪ی گەڕەکەکانی ھەولێر بێ ئاو بوون.