كازمی بانگهێشتی ئەردۆغان دەکات
نامەی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتووەتە دەست سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 – هەولێر
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نامەیەکی تایبەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەشداریکردن لە لوتكەی وڵاتانی دراوسێ بانگهێشتی بەغدا دەکات.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، پێشوازی لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە و کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و فوئاد حوسێن لە کۆشکی وەحدەددین لە ئیستانبوڵ دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو و 40 خولەکی خایاندووە.
ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووتەوە، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا فوئاد حوسێن بانگهێشتنامەیەكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی داوە بە ئەردۆغان، بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی وڵاتانی دراوسێ كە بریارە كۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.