مزگه‌وتێك هه‌رگیز نوێژی تێدا نه‌كراوه‌

96 ساڵه‌ مزگه‌وته‌كه‌ درووستكراوه‌ و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ نوێژی تێدا ناكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ته‌نیا و دوور و په‌راوێزخراوه‌، مزگه‌وتێكی بچووك به‌رزاییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی شاری شیفشاون له‌ مه‌غریب درووستكراوه‌، گه‌شتیاران له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ دێن و سه‌ردانی ئه‌و مزگه‌وته‌ ده‌كه‌ن، شوێنی مزگه‌وته‌كه‌ دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نوێژی تێدا نه‌كراوه‌.

محه‌مه‌د له‌خزوم، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری (كه‌ له‌ شه‌سته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌)، چیرۆكی كۆنی "مزگه‌وتی بوزعافر"‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، باپیرانی هۆشداری نه‌وه‌كانیان داوه‌، كه‌ سه‌ردانی ئه‌و مزگه‌وته‌ نه‌كه‌ن.

گوتیشی: "له‌سه‌رده‌می گه‌نجیمدا ده‌هاتمه‌ ئێره‌ و سه‌یری دیمه‌نی شاری شیفشاون-م ده‌كرد، كه‌ دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌، مزگه‌وته‌كه‌ دوور له‌ ئاوه‌دانی بنییاتنراوه، به‌ڵام خه‌ڵكی بۆ نوێژكردن نه‌هاتوونه‌ته‌ ئێره‌‌".

شوێنی بنیاتنانی مزگه‌وته‌كه‌ بووته‌ هۆی درووستبوونی سه‌رسوڕمانی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، كه‌ دوور له‌ ئاوه‌دانی درووستكراوه‌، به‌شێوه‌ی جیاوازه‌وه‌ باس ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ مزگه‌وته‌كه‌ ناوی "مزگه‌وتی ئیسپانی"یه‌، به‌ڵام به‌ "مزگه‌وتی بوزعافر" ناسراوه‌، كه‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ هه‌رگیز نوێژیان تێدا نه‌كردووه‌.

مزگه‌وتی بوزعافر، له‌ شاری شیفشاون-ی مه‌غریب، هه‌رگیز نوێژی تێدا نه‌كراوه‌
مزگه‌وتی بوزعافر، له‌ شاری شیفشاون-ی مه‌غریب، هه‌رگیز نوێژی تێدا نه‌كراوه‌

مێژووی مزگه‌وته‌كه‌ بۆ سه‌رده‌می داگیركاری ئیسپانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، مێژوونووسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و مزگه‌وته‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسپانی دروستكراوه‌، كاتێك شاری شیفشاون-یان داگیركردووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌فسه‌رێك به‌ ناوی "فرناندۆ كابات"، كه‌ حاكمی سه‌ربازیی شیفشاون بووه‌، بڕیاری درووستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ی داوه‌، مزگه‌وته‌كه‌ له‌ ساڵی 1925دا بنیاتنراوه‌.

ناونانی مزگه‌وته‌كه‌ش به‌ "بوزعافر" له‌لایه‌ن دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، وشه‌یه‌كی دایالێكتی ناوچه‌كه‌یه‌، به‌ مانای "پیاوی سمێڵ گه‌وره‌" دێت، بۆ ناونانه‌كه‌ چیرۆكی جیاواز هه‌یه‌، باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ حاكمی سه‌ربازیی شیفشاون، كه‌ مزگه‌وته‌كه‌ی دروستكرووه‌، سمێڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی سه‌رپه‌رشتی درووستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ی كردووه‌، به‌ سمێڵێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌.

مزگه‌وتی بوزعافر به‌ر له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی
مزگه‌وتی بوزعافر به‌ر له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی

محه‌مه‌د له‌خزوم ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، مزگه‌وته‌كه‌ له‌سه‌ر شێوازی كڵێسای كاسۆلیكه‌كان درووستكراوه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و دووره ‌ده‌سته‌كانه‌وه‌ بنیاتده‌نرێن.

مێژوونووسان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز نوێژ له‌ "مزگه‌وتی بوزعافر" نه‌كراوه‌، دانیشتوانی ئه‌وكاته‌ی شیفشاون پێیانوابووه‌ كه‌ درووستكردنی ئه‌م مزگه‌وته‌ به‌شێك بووه‌ له‌ فێڵی ئیسپانییه‌كان، بۆیه‌ نوێژیان تێدا نه‌كردووه‌، بۆچوونیان وابووه‌، نوێژكردن له‌و مزگه‌وته‌ ده‌بێته‌ هۆی هێنانی به‌ختی خراپ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوون، چۆن ده‌بێت حاكمی سه‌ربازی ئیسپانیا مزگه‌وتیان بۆ درووست بكات.

مزگه‌وته‌كه‌ به‌ر له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنی كه‌سانی بێلانه‌ و سه‌رخۆش و تاوانباران بووه‌، به‌ڵام دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بووه‌ته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری و گه‌شتیاران له‌ هه‌موو شوێنه‌وه‌كه‌وه‌ دێن و سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

د.ی