مێژووی کورد لە تابلۆکانی قەرەنی جەمیلدا
هەندێک هونەرمەند هەن بۆ راکردن لە واقیع پەنا بۆ هونەر دەبەن، هەندێکی دیکەش هونەرەکەیان دەکەنە ئاوێنەیەک بۆ دەنگدانەوەی هەمان واقیع؛ بەڵام قەرەنی جەمیل (1954 - 2025) لە هیچیان نەبوو. ئەو لە رێگەی فڵچە و تابلۆکانییەوە واقیعی تایبەت بە خۆی دەخولقاند. بۆ گەلی کورد، بەهۆی دەیان ساڵ لە ستەم و چەوسانەوەی داگیرکەران، رووبەڕووبوونەوەی واقیع هەمیشە بارگرانی و ئازارێکی قورس بووە؛ تێگەیشتنی قووڵی جەمیل بۆ ئەم راستییە، وای لێکرد لە رێگەی هونەرەکەیەوە گەردوونێکی تایبەت بەخۆی بنیاد بنێت.
ئەو خۆی لە چوارچێوەی یەک شێوازی هونەریدا قەتیس نەکرد، بەڵکو شێوازە جیاوازەکانی بەکار دەهێنا بۆ گەیاندنی دەنگی ئازارەکانی نەتەوەکەی. قەرەنی جەمیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دارا رەسوڵ گوتبووی: دەست بۆ هەر کارێک دەبەم، بیر لە قوتابخانە یان ستایلێکی دیاریکراو ناکەمەوە؛ بەڵکو بیرۆکەکە دادەڕێژم و بەو تەکنیکەی پێم باش بێت بەرجەستەی دەکەم. مونا ئەحمەد، هاوسەری هونەرمەند ئاماژە بەوە دەکات هەمیشە هەوڵی داوە ئەو رەنگانە بەکاربهێنێت کە تایبەتن بە خاکی مێزۆپۆتامیا؛ لەبەر ئەوە دەتوانین ناوی ستایلەکەی بنێین "شێوازی مێزۆپۆتامیا”.
لەم دێڕانەدا، تیشک دەخرێتە سەر سێ تابلۆی دیاری ئەم هونەرمەندە کە چۆن تێیاندا ئازار، مێژوو و خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردی کێشاوە:
1. لانکەی شارستانییەت لە پەراوێزی ستەم و جەنگدا
زۆرێک لە مێژوونووسان لەو بڕوایەدان کە شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە باکووری مێزۆپۆتامیا (کوردستانی ئەمڕۆ) سەریهەڵداوە؛ گوندی چەرمۆ و پەرستگای دێرینی «گردی میران / گرێ میرزان» و چەندین شوێنەواری دیکە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم مێژووەن. بەڵام دواتر ئەم خاکە بووە قوربانیی ستەمێکی بێوێنە، کە لە تابلۆیەکی دەربڕینخوازیی ئەبستراکت (Abstract Expressionism)ی قەرەنی جەمیلدا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو رەنگی داوەتەوە.
تابلۆکە لە یەک کاتدا هەستی ژیان و وێرانکاری لای بینەر دروست دەکات. رەنگی شینی نیلی (کۆباڵت) و لانکەکە هێمای دەستپێکی ژیان و بووژانەوەی شارستانییەتی مرۆڤایەتین؛ شین رەنگی ئاوە، ژیانی لێوە سەرچاوە دەگرێت، و رەنگی ئاسمانیشە، هێمای ئەو ئازادییەیە کورد هەمیشە بۆی تێکۆشاوە. لە بەرانبەردا، لانکە لاربووەوەکە گوزارشت لەوە دەکات کە هەرچەندە شارستانییەت لەم خاکەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن ئەوانەوە دەچەوسێنرێتەوە کە بەرهەمی پێشکەوتنەکانی ئەم خاکەیان پێگەیشتووە. لەناو تابلۆکەدا درز و برینێکی بەرچاو دەبینرێت، کە ئاماژەیەکی لێزانانەی هونەرمەندە بۆ ئەو برین و کارەساتە خوێناوییانەی بەهۆی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانەوە بەسەر جەستەی کورددا هاتوون.2. ژنی کورد؛ سیمبولی ئیرادە و پێشەنگی ڕزگاری
ژنانی کورد هەمیشە لە ریزی پێشەوەی بزووتنەوە و راپەڕینە رزگاریخوازییەکاندا بوون. لە مێژووی کورددا، ژنان تەنیا سەرکردەی سەربازی نەبوون، بەڵکو کەسایەتیی رۆشنبیر و پێشەنگی وەک «مەستوورەی ئەردەڵان» (یەکەم مێژوونووسی ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و «حەپسەخانی نەقیب» (دامەزرێنەری یەکەم قوتابخانەی کچان لە عێراق). هەروەها ژنانی وەک خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم (شازادەی ئازاکان) و لەیلا قاسم پێگەی دیاریان لە مێژووی کورددا هەبووە. هەروەها دۆزینەوەی پەیکەری قوڕینی ژنانی دووگیان لە گوندی چەرمۆ نیشانەی پیرۆزی و پێگەی ژنە لە مێژووی دێرینی ناوچەکەدا، لەپاڵ باوەڕبوون بە ئەفسانەی «شا ماران».
لە تابلۆیەکی دەربڕینخوازیدا کە لە ساڵی 1976 کێشراوە (کاتێک قەرەنی جەمیل قوتابی بوو لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا) و ڕەهەندێکی سوریالیستی بەهێزی هەیە، جەمیل ئەم پێگە بەرزەی ژن دووپات دەکاتەوە. لە تابلۆکەدا بوونەوەرێکی ئەفسانەیی مێینە (Centauride - نیوە ژن و نیوە ئەسپ) دەبینرێت کە هێمای بوێری، هیوای نەبڕاوە و ژیریی ژنی کوردە؛ پەیامەکە ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر پیاوی کورد لەپێ بکەوێت، ژنی کورد هەر بە پێوە دەمێنێتەوە.

3. ئەنفال؛ تۆمارکردنی کارەسات بە ڕەنگی ڕەش و قوڕاوی
شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێک بوو لە دڕندانەترین تاوانەکانی جینۆساید لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە لە نێوان ساڵانی 1983 بۆ 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا و بووە هۆی شەهید و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار بۆ 182 هەزار هاووڵاتیی بێتاوان.
کێشانی کارەساتێکی وەها هێندە قورسە کە تەنانەت وێناکردنیشی زەحمەتە. لە تابلۆیەکی ئەبستراکتدا کە لە ساڵی 2016 کێشاویەتی، قەرەنی جەمیل هەوڵێکی قووڵ دەدات بۆ گەیاندنی ئەم تراژیدیایە.

لە کۆتاییدا، تابلۆکە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی رەنگە تاریکەکانەوە، سێ ڕەهەندی سەرەکی بەیان دەکات: دڕندەیی تاوانی ئەنفال، ئازاری بەردەوامی کەسوکاری قوربانییان، و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم جینۆسایدە گەورەیە.