شرۆڤه‌كارێكی عێراقی: لایه‌نه‌كان له‌ڕێگه‌ی ئایین و مه‌زهه‌به‌وه كۆنترۆڵی هۆشیاری هاووڵاتییانیان كردووه
ئیحسان قه‌یسون: هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی هه‌وڵی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی توندڕه‌و ده‌ده‌ن، كه پاشكۆی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی گه‌وره بێت، ئه‌ویش كۆماری ئیسلامی ئێرانه

K24- هه‌ولێر:
ئیحسان قه‌یسون، شرۆڤه‌كاری سه‌ربازی و سیاسی عێراقی له‌باره‌ی داواكاری به‌شێك له سه‌ركرده شیعه‌كان بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی له عێراق له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی گوتی: هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی هه‌ن هه‌وڵی كوشتن و دزینی دیموكراسیه‌ت له عێراق ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی توندڕه‌و دروست بكه‌ن، كه پاشكۆی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی گه‌وره بێت، ئه‌ویش كۆماری ئیسلامی ئێرانه.
ئه‌م گوتانه‌ی قه‌یسون له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و جه‌ختی كرده‌وه، له‌ئه‌گه‌ری گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی له عێراق، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌ونه ده‌ست سه‌رۆك و په‌رله‌مانیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نامێنێت و ئه‌و كاته ئیسلامی سیاسی ده‌توانێت دیموكراتیه‌ت له عێراق له‌ناو ببات.
هه‌روه‌ها گوتی: هیچ كێشه‌یه‌ك له سیسته‌می سیاسی نییه، به‌ڵكو كێشه له سیاسه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له ساڵی 2003ـه‌وه تا ئێستا له ده‌سه‌ڵاتن، چونكه گرنگترین بنه‌مای دیموكراسیه‌ت بریتییه له هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام كه ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، دیموكراسیه‌ت ده‌كوژرێت، به‌مه‌ش گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌یه پارته سیاسییه‌كان و ئیسلامی سیاسی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان له ناوچه‌كانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام ئه‌وان نایانه‌وێت به‌م شێوه‌یه سازش بكه‌ن و ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بن.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو و بێ ساخته‌كاری له عێراق ئه‌نجام بدرێت، پێویسته ره‌چاوی ژماره‌یه‌ك بنه‌ما بكه‌ین، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م/ گۆڕینی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه ئێستا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ته‌واو سه‌ربه‌خۆ نییه.
دووه‌م/ یاسای ئێستای هه‌ڵبژاردن له كۆپییه كۆنه‌كه‌ی باشتره، ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له به‌شێك له بڕگه و مادده‌كانیدا كه‌موكوڕیی زۆری تێدایه.
سێیه‌م/ هۆشیاری نیشتیمان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لای هاووڵاتیان، چونكه پارته سیاسییه ئیسلامییه‌كان له‌ڕێگه‌ی ئایین و مه‌زهه‌به‌وه كۆنترۆڵی هۆشیاری هاووڵاتییانیان كردووه، كه لێره‌دا هۆشیاری نیشتمانی ون بووه، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كانی تشرین و ناڕه‌زایی خه‌ڵك، جارێكی دیكه هۆشیاریی بۆ خه‌ڵك گه‌ڕانده‌وه.
چواره‌م/ چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق هه‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه ئومێدێكمان پێده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتێك.
سه‌باره‌ت به به‌ربه‌سته‌كانیش، ئیحسان قه‌یسون گوتی: چه‌ندین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عێراق هه‌ن، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م/ پاره‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ سیاسه‌تی ترساندن به‌كار ده‌هێنرێت له‌پێناو كڕینی ده‌نگی هۆزه عێراقییه‌كان و جێبه‌جێكردنی غه‌ریزه تایبه‌ته‌كان.
دووه‌م/ چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و كۆنترۆڵ نه‌كراو، له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ترساندن و تۆقاندن به‌كارده‌هێنرێت.
سێیه‌م/ بوونی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی، كه یاریكه‌ری سه‌ره‌كییه له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ته‌كانی نابێت و به هه‌موو رێگا یاسایی و نایاساییه‌كان پاڵپشتی له‌و حزب و لایه‌نانه ده‌كات كه هاوپه‌یمانی خۆیه‌تی، به‌تایبه‌ت پارته ئیسلامییه سیاسییه‌كان. "ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئێران".
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌و حزب و لایه‌نانه متمانه‌ی جه‌ماوه‌ریان له‌ده‌ستداوه و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، له 16 ساڵی رابردوودا چوار هه‌ڵبژاردن له عێراق كراون، هیچ كامێك له‌و هه‌ڵبژاردنانه ئامانجه‌كانی نه‌پێكاوه و ره‌نگدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی گه‌لی عێراق نه‌بوونه، بۆیه پێویسته زۆر گه‌شبین نه‌بین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، به‌ڵام نابێت ئومێدیش له‌ده‌ست بده‌ین.
گوتیشی: ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بۆ پێشینه‌ی ئه‌و حزبانه بكه‌ین كه داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی له عێراق له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وه ده‌دۆزینه‌وه كه لای ئه‌وان دیموكراسیه‌ت كوفره و ئه‌گه‌ر په‌رتووكه‌كانی حزبی ده‌عوه بخوێنینه‌وه ده‌زانین كه لای ئه‌وان نابێت ده‌سه‌ڵات لای گه‌ل بێت، هه‌موو حزبه ئیسلامییه‌كانی دیكه‌ش به سوونه و شیعه‌وه هه‌مان تێڕوانین و دیدگایان بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و باوه‌ڕیان به دیموكراسیه‌ت نییه، به‌ڵام خۆیان له‌ژێر چه‌تری دیموكراسیه‌تدا هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن.
H.B