دەستەی دەستپاکی: لە شەش مانگدا 50 دۆسیەی گەندەڵی دراونەتە دادگا

"لەو ژمارەیە تەنها 5 دۆسیە یەکلا کراونەتەوە"
دەستەی دەستپاکی
دەستەی دەستپاکی

K24 – هەولێر

لە شەش مانگی ئەمساڵدا 50 دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان رەوانەی دادگا کراون و 5 دۆسیە یەکلایی کراونەتەوە. دەستەی دەسپاکیش لە سزاکان رازی نییە و دەڵێ "پێویستە دادگایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەبێت و یاساش هەموار بکرێتەوە".

موشیر رەشید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەدان کەیسی گەندەڵی لە دەستەی دەسپاکی کراوەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 50 کەیسی گەندەڵیمان داوەتە دادگا، 5 کەیس یەکلا بوونەتەوە یەکیان لە هەولێر و چواری دیکەش لە دهۆک".

گوتیشی: "بە مەبەستی زیاتر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یەکلا کردنەوەی کەیسەکان لە ماوەیەکی کەمدا داوامان کردووە دادگایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەولێر بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەیاسایەکمان داوەتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام گێردرایەوە و گوتیان زۆرە دەبێ هەموو یاساکە هەموار بکرێتەوە، لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریش بۆ کردنەوەی ئەو دادگایە تایبەتمەندە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دراوە".

سەبارەت بە سزای گەندەڵکاران، موشیر رەشید باسی لەوە کرد: "سزاکان زیاتریان کەمتەرخەمی و پشگوێخستنە، سزاکان سوکن، ئێمە لە سزاکان رازی نین، بەڵام ئەوە یاسایە و بڕیار لای دادوەرە، سزاکان ئەگەر یەکەم جاربێت یان شەش مانگ زیندانی کردنە یان پێ بژاردنی 250 هەزار دینارە. فەرمانبەر هەیە تاوانبارە بە ونبوونی ملیار دینار، بە 250 هەزار سزا دراوە، بەڵام پارەکەمان گێڕاوەتەوە. بۆیە پێشنیارمان کردووە بەشێک لە ماددەکانی یاسای گەندەڵی هەموار بکرێتەوە، بەڵام پەرلەمان دەڵێ مادام لە 25٪ زیاتر بێ دەبێ هەموو یاساکە هەموار بکرێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی دەستپاکی، راشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق نوقمی گەندەڵی نەبووە، گەندەڵیش لە هەموو دونیا هەیە".

سەبارەت بە ئەرکە سەرەکییەکانی دەستەی دەستپاکی، موشیر رەشید گوتی: "دەستەی دەستپاکی چەند ئەرکی سەرەکی پێ سپێدردراوە، کە بریتین لە: رۆشنبیری دژی گەندەڵی و بوونی شەفافیەت، چاودێری کردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، لێکۆڵینەوە لە گەندەڵکاران".

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی دەستپاکی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە دەست بۆ هەموو کەیسەکانی گەندەڵی دەبەین و لە کاتی بوونی هەر زانیارییەک کە هەواڵدەر هەبێت کەیسەکان دەجوڵێنین".

گفتوگۆ: ژینۆ محەمەد