رێبین رهحیم
نووسەر
ماددەی 10ی بودجەی 2027 سنووری نێوان رێکخستنی دارایی و ناوەندگەرایی
لەبارەی دەوڵەتی فیدراڵیەوە فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی ئەلێکسیس دۆتوکڤیل پێی وابوو دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ناوەند و یەکە ناوخۆییەکاندا یەکێکە لە گرنگترین رێگاکانی رێگرتن لە کۆبوونەوەی هێزی سیاسی لە دەستی یەک ناوەنددا، هەر لەوبارەوە جەیمس مەدیسنیش لە وتارەکانیدا لەسەر فیدراڵیزم بەتایبەت لەسەر هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان و پێویستیی سنووردارکردنی هێزی دەسەڵاتی ناوەندی دەکردەوە، هەروەها کێنێس وێیر یەکێک لە تیۆریسینە ناسراوەکانی فیدراڵیزم، فیدراڵیزم بە شێوەیەک پێناسە دەکات کە حکوومەتی گشتی و حکوومەتە ناوخۆییەکان هەریەکەیان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی دەستوورییان هەبێت و هیچ کامیان نەبێتە ژێردەستی تەواوی ئەوی تر، ئەم بیرۆکانە بنەمایەکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە سروشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، چونکە فیدراڵیزم تەنیا شێوازێک بۆ دابەشکردنی کارگێڕی نییە، بەڵکوو سیستەمێکی دەستوورییە بۆ هاوبەشی لە دەسەڵات و سامان و بەرپرسیارێتی، بەڵام ئەوەی لە ماددەی 10ی رەشنووسی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027دا دەبینرێت پرسیارێکی بنەڕەتی دروست دەکات ئایا ئەم ماددەیە رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان دوو حکوومەتە یان هەنگاوێکە بۆ گواستنەوەی فیدراڵیزم بەرەو سیستەمێکی ناوەندگەرا و مەرکەزی و مەرجدارکردنی مافەکانی هەرێم؟.
یەکەم: خاڵی ناکۆکی لە ماددەی 10دا دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە بە رێژەی (12,67%) لە خەرجییە فیعلییەکان دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی ئەو داتایەی لە ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024 و خشتەکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵییەوە خراوەتەڕوو رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان( 14,14%، لە رووی دەستورییەوە ماددەی (121) لە بڕگەی سێیەمی دەستووری عێراقدا روونی دەکاتەوە کە هەرێمەکان و پارێزگاکان دەبێت بەشێکی دادپەروەرانە لە داهاتی نیشتمانی وەربگرن بە شێوەیەک کە بتوانن ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوە و پێویستی و ڕێژەی دانیشتوانیان، کەواتە پشکی هەرێم نابێت بەبێ روونکردنەوەی بنەما ئاماری و یاساییەکان لە 14,14% ـەوە بۆ 12,67% دابەزێندرێت، کە جیاوازیی 1,47 خاڵی سەدی لە بودجەیەکی گەورەدا بڕێکی زۆری پارەیە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر مووچەو خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی هەرێم دەبێت.
دووەم: نەوت و گاز یەکێک لە هەستیارترین بەشەکانی ماددەی 10 ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێم پابەند دەکات بە بەبازاڕکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەندەری جەیهانەوەو ئەگەر هەناردەکردن لەو رێگەیەوە ئەستەم بوو هەمان بڕە نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات، هەروەها بڕگەکانی (هـ) و (و) هەرێم پابەند دەکەن بە رادەستکردنی گازی زیادەی پێویستی ناوخۆیی و رێگریکردن لە ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان جگەلەوەی کە لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بێت، بەڵام دەستووری عێراق لە ماددەی (111) دا نەوت و گاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دەزانێت لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا، هەروەها لە ماددەی (112)ـەدا بە تایبەتی بڕگەی یەکەمی، بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لە مەیدانە ئێستاکان بە هاوبەشیی حکوومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمییەکان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەر دەسپێرێت، بڕگەی دووەمی هەمان ماددەش دانانی سیاسەتی ستراتیژیی گەشەپێدانی نەوت و گاز بە هاوبەشیی هەردوو ئاستی حکوومەتەکان دەخاتەڕوو، لەبەر ئەوە خاوەندارێتیی گشتیی نەوت و گاز نابێت بە هیچ پاساوێک کار بۆ لەناوبردنی بنەمای هاوبەشیی بەڕێوەبردنی بکرێت، هەروەها نابێت بڕگەیەکی بودجە هەموو جۆرە گرێبەست و وەبەرهێنانێک لە هەرێمدا بە شێوەیەکی گشتی و بێ سنوور قەدەخە بکات ، بەبێ ئەوەی سنووری دەسەڵاتەکان لەگەڵ ماددەکانی دەستوور بە وردی یەکبخرێتەوە، بەڵێ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 59/فیدراڵی/2012 و یەکخراوەکەی 110/فیدراڵی/2019 دەرچوو لە 15ـی شوباتی 2022 پێویستە رەچاو بکرێت، بەڵام دەبێت سنووری حوکمەکەی بە وردی لێکبدرێتەوە و لەگەڵ هەموو دەقەکانی دەستور بە تایبەتی ماددەی 112 بخوێندرێتەوەو دژ نەبێت.
سێیەم: تایبەت بەداهاتی نانەوتی و سنووری دەسەڵاتی دارایی هەرێم بڕگەی (ج)ی ماددەی 10، حکوومەتی هەرێم پابەند دەکات بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت لەگەڵ چاودێریی مانگانەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، شەفافیەت و چاودێریی دارایی بەبێ گومان پێویستییەکی یاسایی و دامەزراوەییە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی لەناوبردنی دەسەڵاتەکانی دارایی و کارگێڕیی هەرێم، ماددەی 110ـی دەستور دەڵێ بودجەی گشتی و سیاسەتی دارایی لە دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکوومەتی فیدراڵە، بەڵام ماددەکانی 115 و 121یش دەسەڵات و مافەکانی هەرێمیان دیاریکردوەو دەپارێزن، هەروەها ماددەی 106 میکانیزمێکی هاوبەشی بۆ چاودێری و دادپەروەرانەی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان دیاریکردوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تەواوی داهاتە نانەوتییەکان رادەستی بەغداد بکرێت واتە بە مانای کۆنترۆڵی تەواوی دارایی هەرێم لەلایەن بەغداوەیە؟ ئەگەر وا بێت ئەوا سنووری نێوان دەسەڵاتی دارایی فیدراڵی و دەسەڵاتی ناوخۆیی هەرێم تێکدەچێت.
چوارەم: قەرزە مێژووییەکان و پاکتاوی یەکلایەنە بەپێی ماددەی 10، شایستە داراییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لە ساڵانی 2004 تا 2026 بە بڕی (9،329) ترلیۆن دینار دیاری کراون و دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا پاکتاو بکرێنەوە، هەروەها قەرز و باڵانسی هەرێم لە بانکی بازرگانیی عێراقی و بانکە حکوومی و تایبەتەکان بە بڕی (3,446) ترلیۆن دینار دەبێت لە ساڵی 2027ـەوە لە ماوەی حەوت ساڵدا لە پشکی هەرێم ببڕدرێت، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە ئایا لە پاکتاوی ئەم بڕانەدا هەموو ماف و پابەندییەکانی هەردوو حکوومەت بە یەک پێوەر ژمێردراون؟ ئایا ئەو پارەیەی حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵانی رابردوودا بە پێی یاساکانی بودجە وەک شایستەی هەرێم نەیداوە لە هەمان هەژمارکردندا هاتووە؟ پاکتاوی دارایی کاتێک دادپەروەرانە دەبێت کە قەرز و مافی هەردوو لایەن بە یەک شێواز و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی ژمێریاریی پەسەندکراو هەژمار بکرێن نەک تەنیا پابەندییەکانی هەرێم بخرێنە ژێر حساب.
پێنجەم: مەرجدارکردنی بودجە و مووچەی هاووڵاتیان لە بڕگەی (ز)دا دابینکردنی بودجەو شایستەی دارایی بۆ هەرێم بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی (أ، ب، ج، د) لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەستراوەتەوە ، ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەستیارەکانی ڕەشنووسەکە چونکە مووچە و خزمەتگوزاریی گشتی نابێت ببنە ئامرازی فشار لەسەر حکومەتێک بەرامبەر حکومەتێکی تر، لە ماددەی( 121) بڕگەی سێیەمدا مافی هەرێم لە بەشێکی دادپەروەرانەی داهاتی نیشتمانی بۆ دابینکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی دەستەبەر کردووە، بۆیە پێدانی ئەو شایستانە نابێت بە شێوەیەک مەرجدار بکرێت کە مووچەو مافە دارایەکانی هاووڵاتیان ببێتە خاڵی ناکۆکیی سیاسی و کارگێڕیی نێوان دوو حکومەت، هەروەها دەبێت پابەندییەکانی بەغدا بە هەمان ڕوونی و قورسایی یاسایی دیاری بکرێن ، واتە ئەگەر هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێ کرد حکومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بە دابینکردنی تەواو و لە کاتی خۆیدا و بێ دواخستنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
شەشەم: کێشەکان بە تەنیا بودجە نییە کێشەی سروشتی فیدراڵیزمە ئەگەر هەموو بڕگەکانی ماددەی 10 لەگەڵ یەکدا بخوێندرێنەوە ، ئەوا پرسیارێکی گەورەتر لە ناکۆکییەکی ئاسایی دارایی دەێتەپێشەوە ئایا دەسەڵاتی فیدراڵی دەتوانێت بەهۆی کۆنترۆڵی بودجەوە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم سنووردار بکات؟ لە ماددەی 115ی دەستور روونی دەکاتەوە کە لە بابەتە هاوبەشەکانداو لە حاڵەتی ناکۆکی لە نێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمدا پێشینەیی بە یاسای هەرێم دەدرێت، ماددەی 117یش هەرێمی کوردستان بە هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێنێت و ماددەی 121 دەسەڵات و مافەکانی دەستووری دەپارێزێت، بۆیە فیدراڵیزم نابێت تەنیا ناوێک بێت لە دەستووردا، بەڵام لە کردەوەدا هەموو دەسەڵات و سەرچاوەکان لە ناوەندێکدا کۆببنەوە، ئەگەر هەرێم لە بودجە و داهات و نەوت، گاز و تەنانەت بڕیاری گرێبەستە ئابوورییەکانیشدا بە تەواوی ببێتە پابەندیی بڕیارەکانی بەغدا ئەوا دەبێت پرسیار لە مانای کردەیی فیدراڵیزم بکرێت.
بۆیە بودجە نابێت ببێتە ئامرازی ناوەندگەرایی و کێشەی ماددەی 10ـی رەشنووسی بودجەی 2027 تەنیا لەوەدا نییە کە پشکی هەرێم 12,67%ـە یان دەبێت 14,14% بێت، بەڵکوو لەوەدایە کە ئایا پەیوەندیی بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی بەڕێوەدەچێت یان لە ڕێگەی مەرجدارکردنی داراییەوە دەسەڵاتەکانی هەرێم هەنگاو بە هەنگاو سنووردار دەکرێن؟
هەرێمی کوردستان دەبێت پابەند بێت بە شەفافیەتی دارایی و رادەستکردنی داهات و چاودێریی یاسایی، بەڵام پابەندبوون بە دەستور نابێت تەنیا ئەرکی هەرێم بێت، حکوومەتی فیدراڵیش دەبێت پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات پشکی دادپەروەرانەی هەرێم دابین بکات و لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکاندا دەستورو بنەمای هاوبەشی رەچاو بکات، ئەگەر ئەنجامی سەرژمێریی 2024 بە پشتبەستن بە داتای فیدراڵی و هەرێمی رێژەی 14,14%ـی بۆ هەرێم دەستنیشان کردبێت، ئەوا دەبێت هەر ناکۆکییەک لەسەر ژمارەکە بە شێوەیەکی شەفاف و بە میکانیزمی یاسایی و ئاماری چارەسەر بکرێت نەک بە سەپاندنی رێژەیەک بەبێ روونکردنەوەی تەواو، هەروەها پاکتاوی قەرزەکان دەبێت دوولایەنە و دادپەروەرانە بێت و مووچەو خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیان نابێت ببنە ئامرازی فشار لە ناکۆکییە سیاسی و داراییەکاندا، هەرێمی کوردستان داوای دەرچوون لە چوارچێوەی دەستووریی عێراق ناکات و داوای ئەوە دەکات دەستوور بە تەواوی و بەبێ دووپێوانەیی جێبەجێ بکرێت، چونکە فیدراڵیزم ئەوە نییە کە بەغدا مافی دیاریکردنی هەموو شتێکی هەبێت و هەولێر تەنیا پابەند بێت فیدراڵیزم هاوبەشییە لە دەسەڵات و سامان و بەرپرسیارێتی.