كاتی یاریی داهاتووی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بزانه‌

زۆرترین زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ی رووبه‌ڕووی كوردستان ده‌بێته‌وه‌ ببینه‌

له‌ پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفای 2016 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمه‌كان، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان دووه‌مین یاریی خۆی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای یه‌كگرتوو له‌ كات 3:00ـی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ كاتی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات.

هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان ئه‌م یارییه‌ له‌ شاری سوكومی پایته‌ختی هه‌رێمی ئه‌بخازیا و له‌ یاریگه‌ی دینامۆ له‌ به‌رانبه‌ر كۆریای یه‌كگرتوو ئه‌نجام ده‌دات.

كۆریای یه‌كگرتوو، هه‌رێمێكه‌ سه‌ر به‌ وڵاتی ژاپۆنه‌، هاوڵاتییانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ خه‌ڵكی دوو كۆریایه‌كه‌ پێك دێن كه‌ ماوه‌ی 100 ساڵه‌ له‌ ژاپۆن ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ر به‌ هاوڵاتی بیانی هه‌ژمار ده‌كرێن و ره‌گه‌زنامه‌ی ژاپۆنیان پێ نادرێت.

هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای یه‌كگرتوو له‌ ساڵی 2015 به‌ فه‌رمی بۆته‌ ئه‌ندامی رێكخراوی كۆنیفا، تا ئێستا هیچ یارییه‌كی له‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ ئه‌نجام نه‌داوه.

هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌مین یاریی خۆی له‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن و به‌ 3 گۆڵی خاوێن له‌ دژی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌رێمی سیزیكی لاند ده‌ست پێكرد و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگه‌ر كردووه‌.