کازمی: دۆخی عێراق مەترسیدارە

سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دۆخی تەندروستی وڵات مەترسیدارە و پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتی بەسەرکردنەوەی پۆلەکانی خوێندن لە شاری بەغدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی رایگەیاند "سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی عێراق لە رووی ئابووری، ئەمنی و بە ئامانجکردنی تاوەرەکانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر ئەوەی تاقیکردنەوەکان بەسەرکەوتووی بەڕێوەبچن".

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "دۆخی تەندروستی لە عێراق مەترسیدارە و پێویستە پابەندی رێکارەکانی سەلامەتی ببین".

ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە 24 کاتژمێردا 6 هەزار و 121 کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوونە، 67 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

تائێستا ملیۆنێك و 815 هه‌زار و 497 کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوونە، له‌و ژماره‌یه‌ش 20 هه‌زار و 25 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، ملیۆنێك و 641 هه‌زار و 870 كه‌سیش به ‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه، هەروەها 153 هه‌زار و 602 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان.

Fly Erbil Advertisment