لە سلێمانی نرخی نان دیار کرا
8 نان بە هەزار دینار دەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوەو گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوەو هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی قایمقامیەتی سلێمانی "لە کۆبوونەوەکەدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و زۆری رسوماتی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوەو فشاری زۆری لەسەر دروستکردو، لەهەمانکاتدا لەخەمی ژیانی هاوڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین".
قایمقامی سلێمانی پێی راگەیاندون: "ئێمە لە کێشەکانی ئێوە تێدەگەین و دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین، لەهەمان کاتدا رێگە نادەین بەهیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە، لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵ ئەدەین رسوماتی لەسەر نەبێت. من دەزانم هەمووتان لە زەرەردان، بەڵام با هەوڵبدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونکە دواجار شارەکەمان و کۆمەڵگەکەمان زیان دەکات".
لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوەو ژمارەی نان دەستکاری نەکرێت و (8) نان بە هەزار دینار دەبێت و خاوەنی نانەواخانەکانیش رەزامەند بوون.
