جادووگه‌رێك ویستوویه‌تی منداڵێك وه‌كو قوربانی سه‌رببڕێت
پۆلیس به‌دوای جادووگه‌ره‌كه‌یه و ده‌یه‌وێت ده‌ستگیری بكات

K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "تاییمز ئۆف ئیندیا" بڵاویكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ویلایه‌تی "ئه‌وتار پرادیش"ی هیندستان به‌دوای جادووگه‌رێك ده‌گه‌ڕێن، كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی گه‌نجینه ویستوویه‌تی منداڵێك وه‌كو قوربانی سه‌رببڕێت.
رۆژنامه‌كه روونیكرده‌وه، جادووگه‌ره‌كه كه‌سێكی له گوندی "ئهسغیپور"ی ویلایه‌تی "ئه‌وتار پرادیش" به ناوی "جه‌بار ئه‌حمه‌د" ده‌ناسێت و وایتێدهگهیهنێت كه گه‌نجینه‌یه‌كی شاراوه له ماڵه‌كه‌یدا هه‌یه، رازی ده‌كات كه ئه‌و ده‌توانێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجینه‌یه به‌رامبه‌ر به بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراو یارمه‌تی بدات.
جه‌بار ئه‌حمه‌د، 200 هه‌زار روپیه‌ی به جادووگه‌ره‌كه داوه، كه ده‌كاته 2700 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئه‌و پیاوه به‌دوای گهنجینهكهدا گه‌ڕاوه و چه‌ند مانگێكیش تێپه‌ڕی، به‌ڵام هه‌ر ئه‌نجامی نه‌بووه.
دوای ئه‌و ماوه‌یه هاوسه‌ری پیاوه‌كه منداڵێكی ده‌بێت، به‌ڵام جادووگه‌ره‌كه داوایان لێده‌كات منداڵه‌كه‌یان وه‌كو قوربانی سه‌رببڕن، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای گه‌نجینه‌كه ته‌واو ببێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و دوو هاوسه‌ره كردووه، ئه‌گه‌ر به قسه‌ی نه‌كه‌ن؛ ئه‌وا هێزی جادووه‌كه‌ی به‌رامبه‌ریان به‌كارده‌هێنت.
دوای هه‌ڕه‌شه‌كردنی جادووگه‌ره‌كه، ئه‌و دوو هاوسه‌ره پۆلیسیان له بابه‌ته‌كه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، به‌ڵام جادووگه‌ره‌كه له‌ده‌ست پۆلیس رایكردووه و هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراوه.
د.ی