"سەقامگیری هانمان دەدات لە کوردستان وەبەرهێنان بکەین"
وەبەرهێنەرێك: بۆیەکەمجار بەرهەمەکانمان هەناردەی دوبەی کرد
K24 - ههولێر:
بەهۆی لەباری ژینگەی وەبەرهێنان، ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەر روویان لە کوردستان کردووە، وەبەرهێنەرێکی خەڵکی بەغداش ماوەی 14 ساڵە کارگەیەکی پیشەسازی پەتاتەی لە هەولێر کردووەتەوە، وەبەرهێنەرەکە ئاشكرای كرد، حکومەت کارئاسانی زۆری بۆ کردووین و لە رووی ئەمن و ئاسایشەوە متمانەیان هەیە، کارگەکە هەلی کاری بۆ سەرووی 500 هەزار کەس رەخساندووە و بۆیەکەمجاریش بەرهەمەکانی هەناردەی دوبەی دەکات.
كارگهكه گەورەترین بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ههیه، سەدان هەلی کاری لە هەولێر رەخساندووە، بەرهەمەکەی لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستاندا خواستێکی زۆری لەسەرە، خاوەنەکەی وەبەرهێنەرێکی خەڵکی بەغدایە و 14 ساڵە كارگهكهی لە هەولێر دامەزاندووە، پێیوایە کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان.
شەعبان نەهار، خاوەنی کارگە گوتی: "سەریمان کرد هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنانی تێدا بکەین، لە ساڵی 2007ـهوە تاوەکو ئێستا کار دەکەین و قۆناغ بە قۆناغ کار و بەرهەمەکانمان زیاد دەکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە بڕیار و رێنماییەکانی پاڵپشتی و کارئاسانییەکی باشی پڕۆژەکەی ئێمە و وەبەرهێنەرانی کردووە، هەروەها لە رووی ئەمن و ئاسایش و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و لێخوشبوونی گومرگی، کاری زۆر باشی کردووە".
خاوەنی کارگەکە بازاڕ و دۆخی کوردستان بە دەرفەت دەزانێت و پلانی فراوانکردنی پڕۆژەکە و رەخساندنی هەلی کاری زیاتری هەیە ،کارگەکە بە ستانداردێکی جیهانی دروستکراوە و 24 کاتژمێر کار دەکات، زیاتر لە 200 کرێکار کاری تێدا دەکەن.
خاوەنی کارگە ئاماژهی بهوه كرد، ئێمە وەکو کۆمپانیایەکی کشتوکاڵی لە ساڵانی 1980ـهوه کار دەکەین، کاری ئێمە بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە بەتایبەتی پەتاتە، بەڵام کە سەیرمان کەموکوڕی هەیە، بۆیه لەگەڵ هۆڵەندییەکان رێککەوتین، کە کار لەسەر بەپیشەسازیکردنی پەتاتە بکەین، خۆشبەختانە بە هاوکاری برا جووتیارەکان توانیومان سەرکەوتووبین و ئێستاش بهوه گەیشتووین ساڵانە 40 هەزار تۆن پەتاتە لەسەر ئاستی عیراق و 32 هەزار تۆنیش لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرین.
کارگەکە توانای بەرهەمهینانی زۆر لە پێداویستی ناوخۆیی زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش بەدوای بازاڕی دەرەوە دەگەڕێت، خاوەنەکەی پێیوایە فراوانکردنی پڕۆژەکەی لە بەرژەوهندی بازاڕەکانی کوردستانە.
شەعبان نەهار، باسی لهوهش كرد، بەرهەمەکانمان لە بازاڕەکاندا خواستی زۆری لەسەرە و پلەی یەکەمی هەیە، هەناردەی هەموو شارەکانی دەکەین، ئەمرۆش بۆیەکەمجار بەرهەمەکانمان هەناردەی دوبەی کرد، چونکە بەرهەمەکانمان لەپێداویستی بازاڕ زۆر زیاترە و بازاڕەکانی دراوسێشمان بە دەرفەت دەزانن، وڵاتانی کەنداو چاوی لە بەرهەمەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
ئەم کارگەیە هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەرووی نیو ملیۆن کەس لە بازاڕەکانی کوردستان رەخساندووە، وەبەرهێنەرانیش هۆکاری سەرکەوتنەکانیان بۆ بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەگەڕێننەوە.
د.ی