تاڵیبان: ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان و ده‌ستبڕین ده‌كه‌ین

"ئێستا تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئاخۆ سزاكان به‌ ئاشكرا جێبه‌جێ بكه‌ین یان نا"
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان

K24- هه‌ولێر:

یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و هاوكات كه‌ سه‌ركردایه‌تی شرۆڤه‌ی توندی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی له‌ ده‌كات له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌دا، رایگه‌یاند، كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان و ده‌ستبڕین ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا بڕیاریان نه‌داوه‌‌ ئه‌و سزایانه‌ به‌ئاشكرا و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكه‌ن یان نا.

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتیدپرێس، مه‌لا نوره‌دین تورابی تووڕه‌یی جیهانی له‌باره‌ی پرۆسه‌كانی له‌سێداره‌دانی پێشووی تاڵیبانی به‌ بێ پاساو وه‌سف كرد و هۆشداریشی دایه‌ جیهان، كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی ئه‌فغانستاندا نه‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشووتریش ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ئه‌فغانستان سزای له‌سێداره‌دانیان له‌ یاریگا وه‌رزشییه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌به‌رچاوی خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كرد.

تورابی له‌و دیمانه‌یه‌دا بۆ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی ئه‌سۆشێیتیدپرێس له‌ كابوڵ گوتی: "هه‌مووان ره‌خنه‌یان له‌ئێمه‌ گرت، به‌ڵام ئێمه‌ هیچمان له‌باره‌ی سزاكانی جیهانی رۆژئاوا نه‌دركاند، هیچ كه‌س بۆی نییه‌ پێمان بڵێت كه‌ بنه‌ماكانمان چییه‌، ئێمه‌ موسڵمانین و یاساكانیشمان له‌سه‌ر قورئان بونیات ده‌نێین".

تورابی كه‌ ئێستا له‌ شه‌سته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌، پێشتر له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی تاڵیباندا سه‌رۆكی وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی "أمر بالمعروف و نهی عن المنكر" بوو. ئه‌وكات هه‌ر كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی كوشتن تاوانبار كرابا، ده‌بوایه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكی قوربانییه‌كه‌ بكوژرابا و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و له‌به‌رچاوی خه‌ڵك گوللـه‌ له‌سه‌ریان ده‌درا. سه‌باره‌ت به‌وانه‌ش كه‌ به‌ كارێكی دزین تاوانبار ده‌كران، باوترین سزا بۆیان بڕینی ده‌سته‌كانیان بوو، دادگاییكردنه‌كانیش به‌شێوه‌ی داخراو بوون و رێكاره‌كانیش له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی وه‌رده‌گیران.

تورابی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دادوه‌ره‌كان به‌ دادوه‌ری ئافره‌تیشه‌وه‌ سه‌یری دۆسییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بنه‌مای یاسای ئه‌فغانی له‌ په‌یڕه‌وی قورئانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

به‌گوته‌ی تورابی، "سزای ده‌ستبڕین بۆ ئاساییش زۆر گرنگه‌ و كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه‌"، گوتیشی: "ئیستا حكومه‌تی تاڵیبان تاوتوێی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پێویست ده‌كات سزاكان به‌ ئاشكرا و له‌به‌رچاوی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكه‌ن یان نا".

تورابی له‌ حكومه‌تی ئێستای تاڵیباندا به‌رپرسیارێتی زیندانییه‌كانی پێدراوه‌ و پێشتریش سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بوو و یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی حكومه‌ت، كه‌ ناوی له‌ لیستی سزاكانی ئه‌مه‌ریكادا هه‌بوو.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی تاڵیبان جه‌ختی كرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌ك پێشان نین و ئێستا گۆڕاوین" كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی، "ئێستا تاڵیبان رێگه‌ به‌ ته‌له‌ڤزیۆن و مۆبایل و وێنه‌ی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆیی ده‌دات، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵك گرنگن و ئێمه‌ش زۆر له‌سه‌ری جددین.. ئێستا له‌ بری سه‌دان، ده‌توانین په‌یوه‌ندی به‌ ملیۆنان كه‌سه‌وه‌ بكه‌ین".

هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ركاتێك سزا ئیسلامییه‌كان به‌ئاشكرا جێبه‌جێ كران، رێگه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌درێت وێنه‌یان بگرن و گرته‌ی ڤیدیۆییان تۆمار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایانه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك بڵاوببنه‌وه‌".

H.B