هەولێر بەشداری لە کۆنفرانسی بازرگانی IBBC لەندەن دەکات
یەکێک لە ئامانجەکانیانی شاندەکە راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانییە
K24 - هەولیر
شاندێکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، بەشداری کۆنفرانسی بازرگانی IBBC لە لەندەن دەکات.
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان و یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی کوردستان لقی هەولێر لە بەریتانیایە و بەشداری کۆنفرانسی بازرگانی IBBC لە لەندەنیان کردووە.
کۆنفراسەکە لەسەر ئاستی جیهاندا بە بەشداری نوێنەری وڵاتان و بازرگانان بەڕێوەچوو ئامانجیش فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە.
رەسوڵ عومەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لەلایەن کۆنفراسەکەوە بەفەرمی بانگهێشتکراون،و وەک شاندی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتاری تایبەتی خۆیان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی هاوردەو ناردنکاران بە بەشداری 25 بازرگان لە کۆنفراسەکەدا بەشدارن، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی بیانی و بەریتانی کۆبوونەوەتەوە.
راشیگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆنفراسە گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتان و ئاشناکردنی بازاڕەکانی کوردستانە بە جیهانی دەرەوە، هەروەها راکێشانی سەرنجی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بیانیە بۆ هەرێمی کوردستان.