فازڵ میرانی: ئەوانەی باسی ساختەکاری دەکەن لە پارتی زیاتر سوودمەند بوون
"زۆرینەی خەڵک لە دەوری پارتی کۆبوونەوەتەوە"
K24 - هەولێر
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، هەندێک لایەن باسی ئەوە دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی ساختەکاری کردووە، بەڵام خودی ئەو لایەنانە لە پارتی زیاتر سوودمەند بوونە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیرانیان وەرگرتووە.
فازڵ میرانی، لە گوتارێکیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی لە هەولێر راشیگەیاند، ئەوانەی لایەنەکانی دیکە پێیان ساختەیە، لە ناوەڕۆکدا وا نییە، بەڵکو ئەوە کۆبوونەوەی زۆرینەی خەڵکە لە دەوری پارتی.
داواشی لە لایەنەکان کرد لەبری ئەوە بە خراپە باسی یەکدی بکەن، با بە باسی باشەکانی رابردوو و ئەمڕۆ و ئایندەی خۆیان بکەین.
گوتیشی: "لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکان یەکێک لە شەریکەکانی ئێمە کەمترین کورسی هێنابوو، پۆستی سەرۆک وەزیرانمان پێدا، کەواتا ئەوەی ئەوان دەڵێن ساختەکارییە ئێمە دەڵێین نەخێر، بەڵکو زۆرینەی خەڵکە لە دەوری پارتی کۆبووەتەوە و دەنگ بە پارتی دەدەن".
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "هەندێک لایەنە تەنها باسی ئێمە دەکەن، واتا ئێمە بە تەنیاین لەوەی کردوومانە بە چاک و خراپ، ئەی خۆیان؟، زەحمەت نەبێ با واز لە یەکتر بێنین، لە جیاتی ئەوەی بە خراپ باسی یەکتر بکەین، با چاکەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و پێشهاتەکانی سبەی بخەینەڕوو".