وردەکاری ساختەکردنی کارتی زیرەکی ڤاکسین دەخرێتەڕوو

"ئەو کەسانەی کارتی زیرەکی کۆنیان هەیە بۆیان دەگۆڕدرێت"

کارتی زیرەکی ڤاکسین
کارتی زیرەکی ڤاکسین

K24 – هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، ئەو کارتەی زیرەکی ڤاکسین کە ساختەکراوە، ئەم کارتە نییە کە ئێستا لە بنکەکان بە هاووڵاتییان دەدرێت، لە ئایندەکی نزیکدا وردەکاری دەخەنەڕوو.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای پرۆسەی دروستکردنی کارتی زیرەکی ڤاکسین، شێوە و نووسینی سەر کارتەکە گۆڕدرا، هەندێک کەس بۆ مامەڵە کرن بەو کارەتە پەنایان دەبردە بەر رێگەی نایاسایی، ئێمە پێش ئەوەی شتێکی وا بکەین کونسوڵخانەکان ئاگادار دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش وڵاتەکانیان ئاگاداربکەنەوە کە باوەڕپێکراوە، ئەو کەسانە ئەو بابەتەیان بە هەل زانیوە، کارەکەیان کردبوو، بەڵام دواتر لەلایەن هێزەکانی ئاسایش ئاشکرا کران و دەستگیرکران".

روونیکردەوە: "ئەو کارتەی بە ساختە دروستکراوە، ئەمە نییە کە ئێستا دەدرێت بە هاووڵاتییان کە کۆدی لەسەرە کۆپی ناکرێت و بەستراوەتەوە بە سیستمی فەرمی پۆرتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کارتی پێشتر کۆدی لەسەر نەبوو، دەتوانرا ساختە بکرێت، بەڵام رێژەکە زۆر نییە کە ساختە کراوە، کەسانێک مامەڵەیان پێوەکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا وردەکاری دەخەینەڕوو".

لەبارەی گۆڕینی کارتی زیرەکی ڤاکسین، بە کارتە نوێیە بۆ هاووڵاتییان د. ئاسۆ، گوتی: "هەر کەسێک مامەڵە بکات بەشێوەیەکی خێرا کارتەکەی بۆ دەگۆڕدرێت. هاووڵاتییان دەبێ سەردانی ئەو بنکەیە بکەن کە دوو ژەم ڤاکسینیان لێ وەرگرتووە، دواتر پسولەی بۆ دەکرێت و دەنێردرێتە بنکەی پێدانی کارتی زیرەکی ڤاکسین".

 

Fly Erbil Advertisment