وه‌زیری ناوخۆ به‌ڵێنی به‌سزاگه‌یاندنی دوو تۆمه‌تبار ده‌دات
ئه‌وانه‌ی شه‌وی رابردوو رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی پۆلیس بوونه‌وه، به توندترین شێوه سزا ده‌درێن.. نه دادگا و نه پۆلیس لێیان خۆشنابن

K24- هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نوێنه‌رایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانی دوو پۆلیسه برینداره‌كه‌ی شه‌قڵاوه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجێنسی هه‌ولێر كرد، كه شه‌وی رابردوو له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دوو تۆمه‌تبار له گه‌ڕه‌كی بێترمه‌ی شه‌قڵاوه برینداربوون و یه‌كێكیان دوو گوللـه و ئه‌وی دیكه‌شیان 4 گوللـه‌ی به‌ركه‌وتووه.
له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ لای ئه‌و بریندارانه، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زیری ناوخۆ دووپاتیكرده‌وه، تۆمه‌تبارانی ئه‌و رووداوه رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه و توندترین سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت، چونكه وه‌ك رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پۆلیس له‌كاتی ئهركیاندا، گه‌وره‌ترین تاوانه.
هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه پۆلیس و نه دادگاش له‌و كه‌سانه خۆش نابن و سه‌رۆكی حكومه‌تیش سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌م ده‌بێت ئاساییش و سه‌قامگیری هاووڵاتیان پارێزراو بێت و هه‌میش پارێزگاری له هێزه ئه‌منییه‌كان بكرێت. وه‌ك راشیگه‌یاند، هێزه‌كانی پۆلیس رووی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن و پێویسته هه‌موو كه‌سێك رێزی لێ بگرێت، چونكه خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌كات.
گوتیشی: پۆلیس لای سه‌رۆكی حكومه‌ت جێگه‌ی گرنگییه‌كی گه‌وره‌یه و له‌و گرنگیپێدانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ ته‌ندروستی ئه‌وانیش هه‌رچییه‌كی پێویست بێت ئێمه‌ی راسپاردووه و ئاماده‌ین.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی پۆلیس بوونه‌ته‌وه، سه‌ر به هه‌ر هۆز و لایه‌نێك بن، ناتوانن له‌ده‌ست یاسا رابكه‌ن و دیاریشه ئه‌وانه پێشینه‌ی دیكه‌یان هه‌بووه، بۆیه پۆلیس چووه ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات و له ئێستا و داهاتووشدا ده‌بێت تۆمه‌تباران ملكه‌چی یاسا بن و سزای یاسایی خۆیان وه‌ربگرن.
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: داوا له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌م، كه به‌ناوی ریش سپی و پیاوماقووڵ و لایه‌نێكی دیار ناسراون، خۆیان نه‌كه‌نه په‌ناگه‌یه‌ك بۆ داڵده‌دانی كه‌سانی سه‌رپێچیكار و لاده‌ر و تۆمه‌تبار، چونكه له ئه‌نجامدا خۆشیان به‌رپرسیار ده‌بن.
H.B