نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی ئەفغانستان کۆدەبێتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکی تاڵیبانی رەتکردووەتەوە
K24 - هەولێر
بڕیارە مانگی داهاتووە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی پەسندکردنی نوێنەری ئەفغانستان لە رێکخراوەکە کۆبێتەوە.
مۆنیکا گرایلی، وتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لیژنەی متمانەدان بە باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە مانگی داهاتوو کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان دەربارەی دیاریکردنی نوێنەرانی هەر یەک لە ئەفغانستان و میانمار لە رێکخراوەکە.
ئاماژەیداوە، ئێستا لیژنەکە لەلایەن سویدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بۆیە کاتی رێكخستنی کۆبوونەوەکەش لە ئەستۆی نوێنەری ئەو وڵاتەیە.
لە دوای راگەیاندنی ئەمارەی ئیسلامی، بزووتنەوەی تاڵیبان سوهەیل شاهین، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەی بە باڵیۆزی نوێی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەست نیشانکرد، بەڵام پەسند نەکراوە، هەروەها داواکارییەکەی ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبانیش بۆ خوێندنەوە وتاری وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتکرایەوەو قەبووڵ نەکرا.