فێستیڤاڵی كاری دەستی لە ھەورامانی تەخت بەڕێوەچوو

به‌ ڤیدیۆ.. میوزیك و كولتووری هه‌ورامان نمایش ده‌كرێت

فێستیڤاڵێك له‌ هه‌ورامانی ته‌خت به‌ڕێوه‌چوو
فێستیڤاڵێك له‌ هه‌ورامانی ته‌خت به‌ڕێوه‌چوو

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی ناوچەی ھەورامان وەكو ناوچەیەكی كەلەپووری جیھانی لە رێكخراوی یونسكۆ تۆمار كرا، یەكەم فێستیڤاڵی ھەورامانناسی لە ھەورامانی تەخت بەرێوەچوو، ئەگەرچی ھاووڵاتیان بە تۆماری جیھانی ھەورامان دڵخۆشن، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دەڵێن ھیچ كارێك بۆ ژێرخانی گەشتیاری ئەو ناوچەیە نەكراوە و داوا لە حكومەتی ئێران دەكەن، ئاوڕی جیدی لێ بداتەوە.

بە بۆنەی رۆژی جیھانی گەشتیاری، یەكەم فێستیڤاڵی ھەورامانناسی لە ھەورامانی تەخت بەڕێوەچوو، ئەو فێستیڤاڵە دوای ئەوە ھات، كە یونسكۆ بە فەرمی ناوی ھەورامانی وەكو ناوچەیەكی كەلەپووری جیھانی تۆمار كرد، ھەربۆیە ئەمجارە بەرپرسانی باڵای پارێزگای سنە و كرماشانیش بەشداربوون، لە فێستیڤاڵەكەدا ھاووڵاتیانی ھەورامان بەرھەمەكانی خۆیان نمایش كرد، بۆ ئەوەی بتوانن گەشتیاری زیاتر رابكێشن.

ئەمساڵ رێكخراوی یونسكۆ، ھەورامانی وەكو میراتێكی كولتووری جیھانی تۆماركرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خەڵكی ھەورامان دەڵێن حكومەتی ئێران ھیچ كارێكی لەسەر ژێرخانی گەشتیاری ئەو ناوچەیە نەكردووە، عەبدولحەمید حەمیدی، سەرۆكی یەكێتی میوانخانەكانی پارێزگای سنە لەو رێوڕەسمەدا رایگەیاند، حكومەت دەبێت ھۆتێل و شوێنی گەشتیاری گونجاو لە ھەورامان دروستبكات، بۆ ئەوەی گەشتیاران بێن و خەڵكی ناوچەكە لێی سوودمەند بن.

ئامێرەكانی میوزیك و لەسەرووی ھەموویان دەف، كاری دەستی كوردەواری و پاراستنی كەلەپووری كۆنی ناوچەكە و دیزاینی تایبەتی گوندەكان وایكرد، كە لە كۆتاییدا 409 ھەزار ھێكتار لە ھەورامان كە لە پارێزگاكانی سنە، كرماشان و ھەرێمی كوردستان ھەڵكەوتووە، وەكو میراتێكی جیھانی تۆمار بكرێت، سەرەداوەكانی ئەو تۆمارە جیھانییەش لە ئێستاوە بە ھەورامانەوە دیارە و گەشتیارێكی زۆری بۆ راكێشاوە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment