شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ کازمی رەوشی ناوچە دابڕێنراوەکان تاوتوێ دەکەن

لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی - 2/10/2021 - بەغدا
کۆبوونەوەی بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی - 2/10/2021 - بەغدا

K24 – هەولێر

بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییەکان، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکان، بە کوردستان24ی رایگەیاند: "لەبارەی ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشێنە ئەمنییەکان بۆ رۆژانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان، رۆژی شەممە 2/10/2021، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری بەڕێوەبەرانی پۆلیسی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، سەردانی بەغدایان کرد لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی هەموو پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقمان راگەیاند، کە وەک هەرێمی کوردستان وەزارەتی ناوخۆ هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژانی هەڵبژاردن کردووە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابینکردووە".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەو ویستگانەی هەڵبژاردن کرا، کە دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دوای چەند جارێک پەیوەندیکردنی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەو کێشە چارەسەر کراوە و ئەو وێستگانە بە هاوبەشی سەرپەرشتیان دەکرێت".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت و بەڕێوەبەری هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک لەگەڵ مستەفا کازمی - 2/10/2021 - بەغدا
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت و بەڕێوەبەرانی هەرسێ پۆلیسی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک لەگەڵ مستەفا کازمی - 2/10/2021 - بەغدا